لە سلێمانی یەكێتی دەست بەسەر دابەشكردنی غازدا دەگرێت

:: PM:05:56:25/12/2025 ‌
هەوڵدان بۆ دەستبەسەرداگرتنی هەموو سێكتەر و كار و كاسبی لە سلێمانی لەلایەن یەكێتییەوە بەردەوامە، ئێستە ئیدارەی گشتیی ئەو حزبە لە ڕێگەی كۆمپانیای "ن.ن" بەنیازە دەست بەسەر دابەشكردنی غازی ماڵاندا بگرێت. 

بەپێی زانیارییەكانی "وشە" كە لە سەرچاوەیەكی ئاگەدارەوە پێی دراوە، كۆمپانیای "ن.ن" بۆ خزمەتگوزاریی نەوت سەر بە ئیدارەی گشتیی یەكێتییە، ئۆفیسی سەرەكیی لە سلێمانی/شەقامی سالمە، لەسەر ناوی "س.م.م" بوو، دواتر كۆمپانیای نۆكان كۆمپانیاكەی كڕیوە و ناوی كۆمپانیاكەیان لە "د.د" بۆ بازرگانیی گشتی سنووردار، بۆ كۆمپانیای "ن.ن" گۆڕیوە.

سەرچاوەكە دەڵێ‌، كەسێك بەناوی "ژ.م.ع" كراوە بە بەڕێوەبەری ڕێپێدراوی كۆمپانیاكە و دواتر گۆڕاوە بۆ "ز.ح.ڕ". كۆمپانیاكە بە نیازە گرێبەست لەگەڵ كێڵگەی غازی كۆرمۆر بكات بەمەبەستی دابەشكردنی غازی ماڵان لە سنووری سلێمانی كە ڕۆژانە هەزار و 500 تۆن غازی شل بەرهەم دەهێنێت.

"وشە" تەواوی ناو و بەڵگەنامەی تری لایە، بەڵام بەهۆی رێوشوێنی یاسایی بڵاوی ناكاتەوە و دەیدات بە لایەنی پێوەندیدار.

ئەو هەوڵەی ئیدارەی گشتیی یەكێتی بۆ ئەوەیە، دەست بەسەر كاروكاسبی خەڵكیدا بگرێت و ساڵانە بە پارەیەكی زۆر لە وەرگرتنی سەرانە و بەناوی رێكخستن، غازی ماڵان دابەش بكات.


وشە - وشه‌