هاتوچۆ لە حاجی ئۆمەران ئاساییە

:: AM:11:25:27/12/2025 ‌
بەهۆی بارینی بەفرێكی زۆر، ئێستە تیمەكانی بەرگریی شارستانی و راماڵینی بەفر لە ئامادەباشیدان و بەردەوام رێگەكان پاك دەكەنەوە، بەرپرسێكیش دەڵێت، هاتوچۆ لە حاجی ئۆمەران ئاساییە.

ئەمڕۆ شەموو 27ـی كانوونی یەكەم، سیروان حوسێن گوتەبێژی دەروازەی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەران، بە "وشە"ـی راگەیاند، دەروازەكە بەشێوەی 24 سەعاتی كراوەیە و گەشتیاران و بازرگانان دەتوانن وەك پێشوو هاتوچۆی خۆیان بكەن و دۆخەكە ئاساییە.

لەبارەی ئەو ڤیدیۆیانەی بڵاو بوونەتەوە كە دەروازەكە داخراوە، دەڵێت ئەوەی كراوە لە دیوی ئێرانەوە تەنیا بۆ كۆڵبەرییە، چونكە ئەوەی هەیە ئێران بڕیاری داوە بۆ سێ رۆژ لە دیوی خۆیەوە هاتوچۆی كۆڵبەری رابگرێ و پێوەندیی بە دیوی هەرێمی كوردستانەوە نییە.
 
روونی كردەوە، بەهۆی بەفربارینیش هیچ كێشەیەكی نییە و هاتوچۆ دەكرێت، هەروەها لە دۆخی ئاساییدا كۆڵبەران هەفتانە شەش رۆژ دەتوانن هاتوچۆ بكەن، تەنیا رۆژانی هەینی مافی هاتوچۆیان نییە.



وشە - رامیار جەواد