پارتی دیموكراتی كوردستان لە یەكلاكردنەوەی كاندیدەكانی بەردەوامە و بە گوتەی ئەندامێكی دەرچووی ئەو حزبە بۆ پەرلەمانی عێراق، كاندیدی جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق یەكلا كراوەتەوە.
جیا لەوەی بەگوێرەی بەركەوتەی هەڵبژاردن بەشێك لە پۆستەكان یەكلا دەكرێنەوە، بەڵام دابەشكردنی پۆست لە عێراقدا نەریتێكی تری وەرگرتووە، بەتایبەت لە پەرلەمان كە سەرۆكی پەرلەمان بۆ سوننە دەبێت و دوو جێگرەكەیش لە نێوان كورد و شیعەدا دابەش دەكرێن.
بەهۆی ئەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان گەورەترین حزبی عێراقە و لە دواین هەڵبژاردندا زیاتر لە ملیۆنێك و 100 هەزار دەنگی بەدەست هێنا، جارێكی تر پۆستی جێگری سەرۆكی پەرلەمان لەناو كورددا بۆ ئەو حزبە دەبێت.
د. ئەشواق جاف كاندیدی دەرچووی پارتی بۆ پەرلەمانی عێراق، بە "وشە"ی گوت، حزبەكەی كاندیدی جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراقی یەكلا كردووەتەوە كە بەگوێرەی بەركەوتەی هەڵبژاردن بۆ پارتی دەبێت.
روونیشی كردەوە كە ناوی كاندیدەكە دواتر لە سەركردایەتیی پارتییەوە رادەگەیەنرێت، بەڵام خاڵی گرنگ ئەوەیە كە یەكلا كراوەتەوە.