سەرۆك بارزانی لەبارەی پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق پەیامێكی بڵاو كردەوە و رای دەگەیەنێت، پێویستە هەموو لایەنە كوردستانییەكان ئەو قەناعەتەیان هەبێت كە ئەم پۆستە پشكی كوردە و بۆ ئەوەی سەرۆككۆمار نوێنەرایەتیی ڕاستەقینەی گەلی كوردستان بكات.
ئەمڕۆ دووشەم 29ـی كانوونی یەكەم، لە پەیامێكی سەرۆك بارزانی لەبارەی پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق هاتووە، لەبارەی پۆستی سەرۆككۆماری عێراق، پێویستە هەموو لایەنە كوردستانییەكان ئەو قەناعەتەیان هەبێت كە ئەم پۆستە پشكی كوردە و بۆ ئەوەی سەرۆككۆمار نوێنەرایەتیی ڕاستەقینەی گەلی كوردستان بكات.
سەرۆك دەڵێت، دەبێ میكانیزمی هەڵبژاردنی سەرۆككۆماریش گۆڕانكاریی بەسەردا بێت و چیتر لایەنێك ئەو پۆستە بە موڵكی تایبەتی خۆی نەزانێت.
لە پەیامەكە هاتووە، میكانیزمەكەش بەمشێوەیە بێت كە: یان لە پارلەمانی كوردستان كەسێك وەك نوێنەری كورد بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆككۆمار دیاری بكرێت، یان تێكڕای لایەنە كوردستانیەكان كۆ ببنەوە و بۆ ئەو پۆستە لەسەر كەسێك ڕێك بكەون، یانیش نوێنەران و فراكسیۆنە كوردییەكان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، كەسێك بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە دیاری بكەن.
سەرۆك باسی لەوەكردووە، مەرجیش نیە ئەو كەسەی بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆككۆمار دیاری دەكرێت پارتی بێت یان یەكێتی بێت، دەكرێ لە لایەنێكی تر بێت یانیش بێلایەن بێت. گرنگ ئەوەیە ئەو كەسە كۆدەنگیی كوردی لەسەر بێت و نوێنەرایەتیی گەلی كوردستان بكات بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆككۆماری عێراق.