پارتی دیموكراتی كوردستان دوو پۆستی یەكلا كردەوە و پێش كۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق بڕیاری خۆی دا.
ئەمڕۆ دووشەم 29ـی كانوونی یەكەم، بەپێی زانیارییەكانی "وشە" لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی فراكسیۆنی حزبەكە بەشێوەیەكی فەرمی دوو پۆستی یەكلا كردووە و كاندیدەكان دیاری كران.
ئەوەش زانراوە، پارتی دیموكراتی كوردستان، شاخەوان عەبدوڵای بۆ پۆستی جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق دیاری كردووە، هاوكات فەرهاد ئەتروشی وەك سەرۆك فراكسیۆنی حزبەكە دەستنیشان كردووە.
دوێنێ شاندێكی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان، سەردانی بەغدای كرد، سەردانەكەی شاندی پارتی بۆ یەكلاكردنەوەی كاندیدی ئەو حزبەیە بۆ پۆستی جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق، هەروەها هەڵبژاردنی سەرۆكی نوێی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمان بوو.
هەفتەی رابردووش شاندێكی پارتی دیموكراتی كوردستان سەردانی بەغدای كرد و زیاتر لە 20 كۆبوونەوەی لەگەڵ لایەنە سیاسییەكانی عێراق ئەنجام دا.
ئێستە پەرلەمانی عێراق خۆی ئامادە دەكات بۆ یەكەمین دانیشتنی خولی شەشەمی خۆی، كە بڕیارە ئەمڕۆ دووشەم 29ی كانوونی یەكەمی 2025 بەڕێوە بچێت.