لە ساڵی نوێ‌ هەنگاوەكانی دابەشكردنی زەوی خێراتر دەكرێت

:: PM:02:21:29/12/2025 ‌
سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر كار لەسەر ئەوە دەكات، لە ساڵی نوێ‌ تەواوی فەرمانبەرانی هەولێر زەوییان پێ‌ بدرێت و كاروبارەكانیان خێراتر بکرێت.

ئەمڕۆ دووشەم 29ـی كانوونی یەكەم، سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر بڵاوی كردووەتەوە، دوای فەرمانی مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان، بە دیاریكراوی لە كابینەی نۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە سنووری سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر بۆ ساڵی (2025) 32 هەزار فەرمانبەر سوودمەند بوون لە وەرگرتنی زەوی.

ئاماژە بەوەشكراوە، ڕێكارەكانی ووردبینیی پڕۆسەكە لە سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر بەردەوامە، بۆ ساڵی (2026) هەنگاوی خێراتر دەنرێت تا تەواوی فەرمانبەرانی حكوومەت سوودمەند دەبن لە وەرگرتنی زەوی.

27ی ئایاری ساڵی رابردوو مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیرانی كوردستان، بڕیاری دا زەوی بەسەر فەرمانبەرانی كوردستان دابەش بكرێت كە لە رابردوودا سوودمەند نەبوون. بەپێی رێنوێنیی ئەنجوومەنی وەزیران، هەر فەرمانبەرێك بەپێی شوێنی نیشتەجێبوونی یان كارتی زانیاری، 200 مەتر زەوی وەردەگرێت.


وشە - رامیار جەواد