نێچیرڤان بارزانی: چاوەڕوانین فەرهاد ئەترووشی هاندەر بێت بۆ پتەوکردنی گیانی پێکەوەکارکردن

:: PM:07:38:30/12/2025 ‌
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە دوو پەیامی جیاوازدا پیرۆزبایی لە جێگرانی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەکات و لە پەیامێکدا بۆ د. فەرهاد ئەترووشی ڕای دەگەیەنێت، هیوادارن لە پۆستەکەیدا خزمەتی هەموو پێکهاتەکانی عێراق بکات.

ئەمڕۆ سێشەم 30ی کانوونی یەکەم، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی د. فەرهاد ئەترووشی کرد، بەبۆنەی هەڵبژاردنی بە جێگری دووەمی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق.

لە پەیامەکەدا سەرۆکی هەرێم هیوای خواستووە ناوبراو بە باشترین شێوە ڕۆڵ و ئەرکی خۆی لە دەستەی سەرۆکایەتی و بەڕێوەچوونی پڕۆسەی یاساداناندا ببینێت، "بە شێوەیەک کە لە خزمەتی هەموو پێکهاتەکانی عێراقدا بێت".

نێچیرڤان بارزانی بۆ د. فەرهاد ئەترووشی نووسیویەتی، چاوەڕوانین بوونی بەڕێزیان لەو پێگەیەدا، هاندەرێک بێت بۆ پتەوکردنی گیانی هاوکاری و پێکەوەکارکردن لە نێوان فراکسیۆنە جیاوازەکاندا و سەرخستنی کاری پەرلەمانی.

هاوکات سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکی تردا، پیرۆزبایی لە عەدنان فەیحان کرد بەبۆنەی هەڵبژاردنی بە جێگری یەکەمی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران و ڕای گەیاند، متمانەی ئەندامانی پەرلەمان، ئەرک و بەرپرسیارێتییەکی گرنگ دەخاتە ئەستۆی ناوبراو بۆ ئەوەی لە دەستەی سەرۆکایەتیدا ڕۆڵێکی کارا لە بەهێزکردنی ڕۆڵی یاسادانان و چاودێریدا ببینێت.

سەرۆکی هەرێم هیواخوازە عەدنان فەیحان ڕۆڵی کاریگەری هەبێت لە دروستکردنی هاوئاهەنگی و لێکگەیشتنی زیاتر لە نێوان فراکسیۆن و هێزە سیاسییەکاندا.


وشە - پۆڵا مەحموود