سەرۆک بارزانی: هیوادارین هەڵبژاردنی دەستەی نوێی پەرلەمان ببێتە هۆی چارەسەرکردنی کێشەکان

:: PM:10:23:30/12/2025 ‌
سەرۆک مەسعوود بارزانی پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی دەستەی نوێی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کرد و رای گەیاند، هیوادارن ئەم هەنگاوە لە بەرژەوەندیی هاووڵاتییان و چارەسەری کێشەکاندا بێت.

ئەمشەو سێشەم 30ی کانوونی یەکەمی 2025، سەرۆک مەسعوود بارزانی لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (X)، پیرۆزبایی لە سەرۆک و هەردوو جێگرانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کرد.

لە پەیامەکەی سەرۆک بارزانیدا هاتووە، پیرۆزبایی هەڵبژاردنی دەستەی نوێی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، لە بەڕێزان هەیبەت حەلبووسی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران و عەدنان فەیحان جێگری یەکەم و فەرهاد ئەترووشی جێگری دووەمی ئەنجوومەنی نوێنەران دەکەم.

سەرۆک بارزانی وێڕای خواستنی هیوای سەرکەوتن بۆیان، دووپاتی کردووەتەوە، هیوادارم هەڵبژاردنی دەستەی تازەی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی نوێنەران، هەنگاوێک بێت لە بەرژەوەندیی هاووڵاتییان و چارەسەرکردنی کێشەکان و بەدیهاتنی برایەتی و تەباییی نێوان سەرجەم پێکهاتەکانی عێراق.


وشە - پۆڵا مەحموود