کەشناسی: شەپۆلێکی باران و بەفر و سەرمای جەمسەری ڕوو لە هەرێم دەکات

:: PM:11:38:30/12/2025 ‌
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی هەرێمی کوردستان، ڕاپۆرتی پێشبینییەکانی بۆ چوارشەم تا هەینیی داهاتوو بڵاو کردەوە و ڕای گەیاند، کاریگەریی بارستە هەوایەکی سارد و نزمەپاڵەپەستۆیەکی نیمچەجەمسەری ناوچەکە دەگرێتەوە.

ئەمشەو سێشەم 30ی کانوونی یەکەم، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی ڕای گەیاند، بەپێی پێشبینی و نەخشەکانی کەشوهەوا، هەرێمی کوردستان دەکەوێتە ژێر کاریگەریی شەپۆلێکی دابارین (بەفر و باران) و کاریگەریی بارستە هەوایەکی سارد.

بەپێی ڕاپۆرتەکە، بەهۆی درێژبوونەوەی کاریگەریی نزمەپاڵەپەستۆی دەریای سپیی ناوەڕاست و نزمەپاڵەپەستۆی نیمچەجەمسەری، دۆخی کەشوهەوا بەم شێوەیە دەبێت:

ئەمشەو و کاریگەریی سەرماکە
کاریگەریی بارستە هەوا جەمسەرییە ساردەکە لەسەر ناوچەکانمان ئەم شەو ئاسمان ساماڵ و پەڵەهەور دەبێت، پلەکانی گەرما بەردەوام هەر لە نزمیدا دەمێنێتەوە. لە ناوچە شاخاوییەکان لە نێوان سێ پلە تا حەوت پلە لەژێر سفڕی سیلیزی دەبێت، لە سەنتەری شاری دهۆک و سلێمانی دوو پلە لەژێر سفڕ دەبێت و لە سەنتەری شاری هەولێر نزیک یەک پلە لەژێر سفڕی سیلیزی دەبێت، بەمەش بەستن و شەختە لە زۆربەی ناوچەکان ڕوو دەدات.

ڕۆژی چوارشەم
ئاسمان نیمچەهەور دەبێت، لە کاتەکانی ئێوارەدا سەرەتا لە ناوچەکانی سنووری پارێزگای دهۆک دەگۆڕێت بۆ هەوری تەواو، لەگەڵ دابارینی باران و بەفر لەم پارێزگایە، پاشان لە کاتەکانی شەودا درێژ دەبێتەوە بۆ سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و ئیدارەی سەربەخۆی ڕاپەڕین و لە درەنگانی شەودا بە لاوازی دەگاتە دەوروبەری پارێزگای هەولێر.

ڕۆژی پێنجشەم
کاریگەریی ئەم شەپۆلە بەفربارانە بەردەوامی دەبێت لەسەر ناوچە شاخاوییە سنوورییەکان و سنووری پارێزگای دهۆک، لە کاتەکانی ئێوارەدا ئەم شەپۆلە بە شێوەی بەفر و کڕێوە و بارانی مامناوەند کاریگەری لەسەر سنووری پارێزگای هەولێر و سلێمانی دەبێت.

ڕۆژی هەینی
کاریگەریی ئەم شەپۆلە لە کاتەکانی بەیانیی زوودا چڕتر دەبێتەوە لەسەر سنووری پارێزگای هەولێر و سلێمانی و هەڵەبجە و گەرمیان، بەڵام لە سنووری پارێزگای دهۆک کەمتر دەبێتەوە، بەشێوەیەکی گشتیش لە کاتەکانی دوای نیوەڕۆ کۆتایی بەم شەپۆلە دێت.

بڕی باران و نزمترین پلەی گەرمای پێشبینیکراو بۆ سەنتەری پارێزگاکان:

دهۆک: (15) ملم باران + (5) سم بەفر / نزمترین پلەی گەرما (5-) پلە.

هەولێر: (12) ملم باران / نزمترین پلەی گەرما (1-) پلە.

سلێمانی: (7) ملم باران / نزمترین پلەی گەرما (4-) پلە.

هەڵەبجە: (10) ملم باران / نزمترین پلەی گەرما (3-) پلە.

کەرکووک: (4) ملم باران / نزمترین پلەی گەرما (2) پلە.

بڕی بەفر و بارانی پێشبینیکراو لە ناوچە شاخاوییەکان و نزمترین پلەی گەرما:

حاجی ئۆمەران: (0) ملم باران + (40) سم بەفر / نزمترین پلەی گەرما (12-) پلە.

کۆڕەک: (0) ملم باران + (45) سم بەفر / نزمترین پلەی گەرما (12-) پلە.

پێنجوێن: (5) ملم باران + (10) سم بەفر / نزمترین پلەی گەرما (10-) پلە.

کانیماسی: (5) ملم باران + (55) سم بەفر / نزمترین پلەی گەرما (12-) پلە.

ئامێدی: (6) ملم باران + (50) سم بەفر / نزمترین پلەی گەرما (12-) پلە.

بڕی بەفر و باران و نزمترین پلەی گەرما لە ئیدارە سەربەخۆکان:

سۆران: (5) ملم باران + (10) سم بەفر / نزمترین پلەی گەرما (7-) پلە.

زاخۆ: (10) ملم باران + (20) سم بەفر / نزمترین پلەی گەرما (5-) پلە.

ڕاپەڕین: (15) ملم باران + (7) سم بەفر / نزمترین پلەی گەرما (3-) پلە.

گەرمیان: (5) ملم باران / بەفر نییە / نزمترین پلەی گەرما (2) پلە.


وشە - پۆڵا مەحموود