شاخەوان عەبدوڵا لە وەڵامی پەیامەکەی سەرۆک بارزانیدا ڕای گەیاند، گەورەترین پلە و پۆست لای ئەو، بوونی سەرۆک بارزانییە. ئەمەش دوای ئەوە دێت سەرۆک بارزانی بە "ڕۆڵەی ئازا و شایستە" وەسفی کرد.
ئەمشەو سێشەم 30ی کانوونی یەکەم، شاخەوان عەبدوڵا پەیامێکی بڵاو کردەوە و تێیدا وەڵامی پەیامەکەی سەرۆک مەسعوود بارزانی دایەوە.
لە پەیامەکەیدا شاخەوان عەبدوڵا نووسیویەتی، سوپاس سەرۆک و ڕابەرم، گەورەترین پلە و پۆست لای من بوونی جەنابتە، خودای گەورە بۆ ئێمە و گەلەکەمان تەمەندرێژ و تەندروست باشت بکات.
ئەمە لە کاتێکدایە کەمێک لەمەوبەر، سەرۆک بارزانی لە پەیامێکدا ستایشی هەڵوێستی شاخەوان عەبدوڵای کردبوو کە لەپێناو بەرژەوەندیی گەلی کوردستان و پارتیدا، لە پۆستی جێگری سەرۆکی پەرلەمان کشایەوە.
سەرۆک بارزانی لە پەیامەکەیدا ئاماژەی بەوە دابوو، شاخەوان عەبدوڵا لە ماوەی ڕابردوودا ڕۆڵێکی کارا و ماندووبوونێکی زۆری بینیوە و ئەرکەکانی بە "ڕۆحێکی نیشتمانپەروەرانە" ئەنجام داوە.
هەروەها سەرۆک بارزانی دووپاتی کردبووەوە کە ناوبراو هەمیشە پابەندی ڕێکارەکان و دیسپلینی حزبی بووە و جێگەی متمانە بووە، زیاتر هاتبوو "دڵنیام د. شاخەوان ڕۆڵەیەکی ئازا و شایستەی ئەو میلەتەیە، لە هەر شوێنێک و هەر پلەیەکدا بێت، کوڕی پارتییە و جێی متمانەی ئێمەیە".