لە هەولێر رێژەی سەوزایی زۆر زیاد كراوە

:: AM:09:17:31/12/2025 ‌
بەڕێوەبەرایەتیی ئەندازەی پاركەكانی هەولێر، ئاماژە بەوە دەكات، ئەمساڵ بەراورد بە ساڵی ڕابردوو ڕێژەی چاندنی گوڵ دار لە 20%زیادی كردووە.

ئەمڕۆ چوارشەم 31ـی كانوونی یەكەم، بەڕێوەبەرایەتیی ئەندازەی پاركەكانی هەولێر بڵاوی كردەوە، لە ڕێگەی هەرسێ نەمامگەی نموونەی ئەمساڵ بەراورد بە ساڵی ڕابردوو ڕێژەی  چاندنی دار و گوڵ لە 20% زیادی كردووە.

ئاماژەی بەوەش كراوە، 128 هەزار و 341 هەزار دار، لەگەڵ 106 هەزار و 527 گوڵ  چێنراون، هەروەها لە شەش ساڵی ڕابردوو نەگەیشتووەتە ئەم ڕێژەیە، ئەو دارانەی چاندراون لەجۆری داری (سیسەم و ئەلبزیاو و دەدۆنیان و پێ حوشتر ) بوون، چونكە ئەمانە بەرگەی كەشوهەوای شاری هەولێر دەگرن، زۆری ئەم دارانە لە دوورگە ناوەندی نوێیەكان یاخود لەشوێنی قەربووی دارە وشك بووەكان دارە شكاوەكان چێندراون.

ئەندازەی پاركەكانی هەولێر باسی لەوەش كردووە، جگە لەكاری چاندن ئەمساڵ زیاتر لە 73 شوێن لە پارك و باخچە و نافورە و شەقامە سەرەكییەكان و دوورگە ناوەندییەكان نۆژەنكراونەتەوە.

ئەو بەڕێوەبەرایەتییەكە ڕای گەیاندووە، بە پلان كار لەسەر زیادكردنی ڕێژەی سەوزایی شار دەكرێت، لە سنووری پارێزگای هەولێر، لەماوەی كابینەی نۆ ملیۆنێك و 500 هەزار دار و گوڵ لە سنووری هەولێر چێندراون، جگە لەمەش نەمام بۆ شارەوانییەكانی سۆران، ئاكرێ، شەقڵاوە و بەردەڕەش ناردووە، بەشێكیش دراوە بە مزگەوت، قوتابخانە و هاونیشتمانیان.



وشە - رامیار جەواد