بەڕێوەبەرە نوێیەكەی كشتوكاڵی كەركووك دەستكاری پۆستەكان دەكات، بەرپرسێكی كورد لادرا و توركمانێك خرایە شوێنی.
لە یەكەم هەنگاوی كارگێڕیدا دوای دەستبەكاربوونی، بەڕێوەبەری نوێی كشتوكاڵی كەركووك دەستكاری پۆستە هەستیارەكانی ناو فەرمانگەكەی كرد و گۆڕانكاریی لە بەرپرسیارێتیی هۆبەی ڕاگەیاندنی فەرمانگەكەدا ئەنجام دا.
بەپێی فەرمانێكی كارگێڕی كە واژووی "عصام سلمان ادیس"، بەڕێوەبەری نوێی كشتوكاڵی كەركووكی لەسەرە، بڕیار دراوە بە گواستنەوەی "ڕەغدە عەبدولواحید عەبدولحەمید" كە ئەندازیارێكی كشتوكاڵیی پێشكەوتووی كوردە، لە هۆبەی ڕاگەیاندنەوە بۆ بەشی ڕێنوێنیی و ڕاهێنانی كشتوكاڵی.
لە هەمان فەرماندا هاتووە، "عەبدوڵا حەسەن عەباس" كە ئەندازیارێكی تەكنیكیی توركمانە، لە یەكەی ئەرشیفەوە گوازراوەتەوە بۆ هۆبەی ڕاگەیاندن و وەك "بەرپرسی هۆبەی ڕاگەیاندن" لە شوێنی بەرپرسە كوردەكە دەستبەكار بووە.
ئەم گۆڕانكارییە خێرایە لە كاتێكدایە كە تەنیا چەند ڕۆژێكە "عصام سلمان" پۆستی بەڕێوەبەری گشتیی كشتوكاڵی كەركووكی وەرگرتووە، ئەمەش وەك ئاماژەیەك بۆ دەستپێكردنی گۆڕانكاریی ڕیشەیی لە ناسنامەی ئیداریی فەرمانگەكەدا دەبینرێت.
هۆبەی ڕاگەیاندن لە فەرمانگەیەكی وەك كشتوكاڵ، ڕۆڵێكی گرنگی هەیە لە گواستنەوەی چالاكییەكان و بڕیارەكان بۆ ڕای گشتی. لادانی بەرپرسێكی كورد و دانانی كەسێكی توركمان لەم شوێنەدا، وەك هەوڵێك بۆ كۆنترۆڵكردنی گوتاری ڕاگەیاندنی فەرمانگەكە و نیشاندانی هەژموونی پێكهاتەی توركمان لە ناو ئیدارە نوێیەكەدا لێك دەدرێتەوە.
فەرمانگەی كشتوكاڵی كەركووك یەكێكە لە پڕكێشەترین فەرمانگەكان، چونكە بڕیاردەرە لەسەر دۆسیەی زەوییە داگیركراوەكان و گرێبەستە كشتوكاڵییەكان. هەر گۆڕانكارییەك لە بەرپرسی هۆبەكان (بەتایبەت ڕاگەیاندن، زەویوزار و یاسایی) كاریگەریی ڕاستەوخۆی دەبێت لەسەر چۆنیەتی مامەڵەكردن لەگەڵ كێشەی جوتیارانی كورد و توركمان لە بەرانبەر عەرەبە هاوردەكان.