مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە بۆنەی هاتنی ساڵی نوێ پەیامێكی بڵاو كردەوە و رای دەگەیەنێت، ساڵی ڕابردوو، ساڵی چەندان دەستكەوت و ئەنجامدانی چەندان پرۆژەی گرنگ و ستراتیجی بوو، لە هەمانكاتدا ساڵی ئاستەنگ و ئاڵنگارییەكانیش بوو.
ئەمڕۆ چوارشەم 31ـی كانوونی یەكەم، لە پەیامێكی مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان هاتووە، بە بۆنەی هاتنی ساڵی نوێی زایینی 2026، گەرمترین پیرۆزبایی لە گشت هاونیشتمانییانی هەرێمی كوردستان و سەرجەم كوردستانییان دەكەم و هیوای ساڵێكی پڕ لە شادی و ئارامییان بۆ دەخوازم.
سەرۆكی حكوومەت دەڵێت، ساڵی ڕابردوو، ساڵی چەندان دەستكەوت و ئەنجامدانی چەندان پرۆژەی گرنگ و ستراتیجی بوو، لە هەمانكاتدا ساڵی ئاستەنگ و ئاڵنگارییەكانیش بوو.
ئاماژە بەوەش دەكات، بە پشتیوانیی خودای مەزن و خۆڕاگریی خەڵكی نیشتمانپەروەری كوردستان، ساڵی ڕابردوو، توانیمان چاكسازییەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە بوارە جۆراوجۆرەكاندا، بە تایبەتیش دابینكردنی كارەبای بەردەوام و چارەسەركردنی كێشەی كەمئاوی و بنیاتنانی ڕێگەوبان و باشتركردنی ژێرخانی دارایی و بانكی بە ئەنجام بگەیەنین و بەردەوامیشین لە خزمەتكردنی زیاتری خەڵكی كوردستان.
سەرۆكی حكوومەت دەشڵێت، هیوادار و خوازیارین لە ماوەیەكی نزیكدا، كابینەی نوێی حكوومەتی هەرێمی كوردستان پێكبهێنرێت، كە بەداخەوە، بە مەبەست ڕێگری لە پێكهێنانی كراوە، هەروەها پێویستە چیتر بەرژەوەندیی باڵای كوردستان نەكرێتە قوربانیی بەرژەوەندیی هیچ لایەنێك.
لە كۆتایی پەیامەكەی هاتووە، ئومێدەوارین كابینەی نوێی فیدراڵیش، لە ئاییندەیەكی نزیكدا، لەسەر بنەما و لەبەرچاوگرتنی پرنسیپەكانی هاوبەشی و هاوسەنگی و سازان پێكبهێنرێت، ساڵی نوێ لە هەمووان پیرۆز بێت و هەمیشە لە شادی و تەندروستیدا بن.