سەرۆکی هەرێم: تاکە گەرەنتیی پاراستنی دەستکەوتەکانمان یەکڕیزییە

:: PM:05:25:31/12/2025 ‌
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا بۆ ساڵی نوێی 2026، داوا لە لایەنە سیاسییەکان دەکات ناکۆکییەکان بخەنە لاوە و ڕای دەگەیەنێت، هێزی هەرێمی کوردستان لە یەکترقبووڵکردن و پێکەوەکارکردندایە، هاوکات دڵنیایی دەداتە هاووڵاتییان کە کار بۆ باشترکردنی گوزەرانیان دەکەن.

ئەمڕۆ چوارشەم 31ی کانوونی یەکەمی 2025، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پەیامێکی بەبۆنەی ساڵی نوێوە بڵاو کردەوە و وێڕای پیرۆزبایی لە کوردستانییان، کەسوکاری شەهیدان و پێشمەرگە، هیوای خواستووە ساڵی نوێ ساڵی کۆتاییهاتنی قەیرانەکان بێت.

لە پەیامەکەدا سەرۆکی هەرێم داوای کردنەوەی لاپەڕەیەکی نوێ دەکات و دەڵێت "با ناکۆکییەکان بخەینە لاوە و گیانی تەبایی و یەکڕیزی لە نێوان سەرجەم هێز و لایەنە سیاسییەکاندا باڵادەست بێت".

نێچیرڤان بارزانی دووپاتی کردووەتەوە، هێزمان لە یەکترقبووڵکردن و پێکەوەکارکردندایە، کە تاکە گەرەنتیی پاراستنی دەستکەوتەکانمان و مسۆگەرکردنی مافە دەستوورییەکانمانە.

لەسەر ئاستی عێراقیش، سەرۆکی هەرێم ئاماژەی بەوە داوە، هەرێمی کوردستان وەک هەمیشە دەستپێشخەر و ئامادەیە بۆ گفتوگۆ و لێکگەیشتن لەسەر بنەمای دەستوور و هاوبەشیی ڕاستەقینە، هەروەها وەک فاکتەری ئارامی لە ناوچەکەدا دەمێنێتەوە.

لە کۆتایی پەیامەکەدا هاتووە، دڵنیاتان دەکەینەوە کە هەموو هەوڵێکمان دەخەینە گەڕ بۆ ئەوەی ساڵی 2026، ساڵی چەسپاندنی سەقامگیری و باشترکردنی ژیان و گوزەرانی هاووڵاتییان بێت.


وشە - پۆڵا مەحموود