پەرلەمانتارانی مەسیحیی کوردستان پشتیوانی لە فراکسیۆنە نوێیەکەی بەغدا دەکەن: ئامادەی هاوئاهەنگین

:: PM:08:41:31/12/2025 ‌
دوای ڕاگەیاندنی "فراکسیۆنی سۆیانا" وەک گەورەترین فراکسیۆنی مەسیحی لە پەرلەمانی عێراق بە سەرۆکایەتیی کلدۆ ڕەمزی، پەرلەمانتارانی کۆتای مەسیحی لە پەرلەمانی کوردستان پیرۆزبایی دەکەن و ئامادەییی خۆیان بۆ کارکردنی هاوبەش دەردەبڕن.

ئەمڕۆ چوارشەم 31ی کانوونی یەکەم، هەریەک لە د. جێمس حەسدۆ هێدۆ پەرلەمانتاری کۆتای مەسیحییەکانی دهۆک و ڕامی نووری سیاوەش پەرلەمانتاری کۆتای مەسیحییەکانی هەولێر لە پەرلەمانی کوردستان، لە ڕاگەیەنراوێکی هاوبەشدا پەیامێکیان ئاراستەی فراکسیۆنە نوێیەکە کرد.

لە پەیامەکەدا هاتووە، بەخۆشحاڵیی زۆرەوە بڕیاری بەرپرسیارانەتانمان بۆ پێکهێنانی گەورەترین فراکسیۆنی مەسیحی لە پەرلەمانی عێراق پێ گەیشت، ئەم بڕیارە بێگومان کاریگەری و ئەنجامی ئەرێنیی لە بەرژەوەندیی گەلی کلدان، سریان، ئاشووری و ئەرمەن دەبێت.

پەرلەمانتارانی کوردستان گەشبینیی خۆیان بە پەرلەمانتارانی فراکسیۆنەکە (کلدۆ ڕەمزی، سامی ئوشانا و عیماد یوحەنا) پێشان داوە و هیوایان خواستووە لە دەرکردنی یاسای نوێ و هەموارکردنەوەی یاسا بەرکارەکان، ڕۆڵی کارا ببینن.

هەروەها ئامادەییی خۆیان بۆ هاوئاهەنگی نیشان داوە و ڕایان گەیاندووە، بە خۆشەویستییەکی برایانە، ئامادەییی خۆمان نیشان دەدەین بۆ کارکردنی هاوبەش لە نێوان پەرلەمانتارانی گەلەکەمان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و پەرلەمانی کوردستان، بە شێوەیەک کە بەرژەوەندییە باڵاکانی گەلەکەمان و بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان بەدی بهێنێت".

جێی باسە دوێنێ لە بەغدا، فراکسیۆنی "سۆیانا" پێکهێنرا و (کلدۆ ڕەمزی ئۆغنا) کەسایەتیی دیاری کریستیان و خەڵکی شارۆكەی عەنکاوە، وەک سەرۆکی فراکسیۆنەکە هەڵبژێردرا.


وشە - پۆڵا مەحموود