بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی هەرێمی کوردستان، پێشبینییەکانی بۆ 48 سەعاتی داهاتوو بڵاو کردەوە و ڕای گەیاند، بارانبارین لە چەند ناوچەیەک بەردەوام دەبێت و ئەمشەو کۆتایی دێت.
ئەمڕۆ هەینی دووی کانوونی دووەم، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاشکرای کرد، ئەمڕۆ ئاسمان هەوری تەواو دەبێت، بارانی مامناوەند لە سنووری پارێزگای سلێمانی، هەڵەبجە و ئیدارەکانی ڕاپەڕین و سۆران بەردەوامی دەبێت، لە ناوچەکانی تریش نمەباران و بارانی پچڕپچڕ دەبارێت.
لە ڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە، لە ناوچە سنوورییەکان بەفربارین بەردەوام دەبێت و پلەکانی گەرما بە بەراورد بە دوێنێ، یەک تا دوو پلە نزم دەبنەوە.
کەشناسی ڕوونی کردووەتەوە، لە کاتەکانی شەودا دۆخی کەشوهەوا ئاسایی دەبێتەوە و کۆتایی بەم شەپۆلی بەفر و بارانە دێت.
سەبارەت بە کەشوهەوای سبەی شەموو 03/01/2026، پێشبینی دەکرێت ئاسمان نیمچەهەور بۆ پەڵەهەور بێت و لە کاتەکانی بەیانیی زوودا لە هەندێک ناوچە ئەگەری دروستبوونی تەم هەیە.
بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بۆ سبەی بەم شێوەیە دەبێت:
هەولێر: نۆ پلە
سلێمانی: هەشت پلە
دهۆک: نۆ پلە
زاخۆ: هەشت پلە
کەرکووک: 10 پلە
هەڵەبجە: هەشت پلە
گەرمیان: 12 پلە