پارێزگای هەولێر بڵاوی كردەوە، لە سەری ساڵ لە بازگەكان 88 هەزار گەشتیار سەردانی هەولێریان كردووە، بەكۆی گشتی 17 رووداوی هاتوچۆ روویانداوە.
ئەمڕۆ شەموو سێی كانوونی دووەم، پارێزگای هەولێر بڵاوی كردەوە، لەلایەن بەرێوەبەرایەتی گشتیی گەشتوگوزاری هەولێر، چەندین لێژنەی تایبەت پێكهێنرا بە مەبەستی چاودێریكردن و بەدواداچوون بۆ بنكە و ناوچە گەشتیارییەكان و پێشكەشكردنی خزمەتگوزاریی بە ڕووی گەشتیاران و پێكهێنانی لیژنەی تایبەت بۆ پێشوازیكردن لە گەشتیاران لە بازگەكانی دەروازەكانی سنووری پارێزگای هەولێر و چاودێریكردن و دابین كردنی خزمەتگوزاریی لە سەیرانگاكان و شوێنە گەشتیارییەكان و میوانخانە و چێشتخانەكان، كۆگی گشتی گەشتیاران بریتی بوو لە 88 هەزار و 341 گەشتیار لە بازگەكانی سنووری پارێزگای هەولێر سەردانی پارێزگای هەولێریان كردووە.
روونكراوەتەوە، بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هاتوچۆی هەولێر لەئەرك دابوونە، بەهۆی پابەند نەبوون بە یاساكان و خێرا لێخوڕین 17 ڕووداوی هاتوچۆ ڕوویانداوە، كە بەداخەوە بەهۆیانەوە یەك هاووڵاتی گیانیان لەدەستدا و نۆ كەسی دیكەش برینداربوونە.
لە رووی تەناهییەوە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر، پلانی تەناهی بۆ پاراستنی سەروماڵ و گیانی هاووڵاتییان هەبوو،و ئامادەباشی سەرجەم هێزەكانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر بەبێ هیچ گیر و گرفتێك تەواوی بڕگەكانی وەك خۆی جێبەجێكران، 86حاڵەت و تاوانی جۆراو جۆر ئەنجامدراوە، 85 حاڵەت و تاوان ئاشكراكراوە و یەك تاوانیش لەژێر لێكۆلینەوەدایە..
باس لەوەشكراوە، بۆ سەری ساڵی نوێ لە چەندین شوێنی هەولێری پایتەخت، شەوە ئاهەنگی خێزانی و فێستیڤاڵی تایبەت ڕێكخرابوون، لە بەردەم پاركی شانەدەر و پاركی پێشمەرگە و ژمارەیەكی شوێنی تر بە تایبەتی لە نێو سەنتەری شار، كە لەلایەن سەرۆكایەتی شارەوانی هەولێر، گەورەترین فیستیڤاڵ و شەوە ئاهەنگ بە بەشداری ژمارەیەكی زۆر لە هونەرمەندان بوو سازكرابوو و ژمارەیەكی زۆری لە هاووڵاتییان و گەشتیاران شەوانە ئامادەی دەبوون، خۆشبەختانە بەبێ ڕوودانی هیچ حاڵەتێكی نەخوازراو هەموو ئەو پلان و بەرنامەیی لە پێناویدا دارێژرابوو بە سەركەوتوویی و بێ كێشە بەڕێوەچوون.