ئاستی ئاوی بەنداوێك پێنج مەتر بەرز بووەتەوە و نیوملیار مەترسێجا ئاو كۆگە كراوە

:: AM:11:12:03/01/2026 ‌
بەهۆی شەپۆلی بەفر و بارانی 10 ڕۆژی ڕابردوو، تا ئێستە نیو ملیار مەتر سێجا ئاو لە بەنداوەكانی كوردستان زیادی كردووە. بەپێی زانیاریی فەرمی، یەكێك لە بەنداوەكانی كوردستان ئاستی ئاو تێیدا پێنج مەتر بەرز بووەتەوە.

ئەمڕۆ شەموو سێی كانوونی دووەم، بەڕێوەبەرایەتی گشتیی بەنداوەكان تۆماری زیادبوونی ئاوی كۆگەكراوی بڵاو كردەوە و ئاماژەی بەوە داوە "كاریگەریی شەپۆلی باران و لافاو و بەفر لە سەرەتای مانگی ڕابردووەوە، دەستی پێ كردووە". ڕوونیشی كردەوە كە لە ماوەی كەمتر لە مانگێكدا باران لە زۆربەی دەڤەرەكان دوو تا سێ بەرانبەر زیاتر لە ساڵی زستانی ڕابردوو باریوە، جگە لەوەی بەفرێكی زۆر ناوچەكانی بە فرەوانی گرتەوە.

"ئەو بەفر و بارانە بە ڕێژەیەكی باش داهاتی ئاوی لە سەرچاوەكانەوە زیاد كرد و كۆگەكردنی ئاو لە بەنداوەكان ئاستێكی بەرچاوی تۆمار كردووە كە دەگاتە نیو ملیار مەتر سێجا" بەڕێوەبەرایەتیی بەنداوەكان وا دەڵێ.

ئەوەیشی خستە ڕوو كە لە هەردوو بەنداوی گەورەی دوكان و دەربەندیخان، ڕێژەكە دڵخۆشكەرترە و لە دەربەندیخان پێنج مەتر و لە دوكان چوار مەتر ئاستی ئاو بەرز بووەتەوە، لە بەنداوی دهۆك یەك ملیۆن مەتر سێجا ئاو كۆگە كراوە و لە بەنداوی گۆمەسپان بەهەمانشێوە یەك ملیۆن مەتر سێجا ئاو كۆگە بووە و ئاستی ئاوی بەنداوەكە مەترێك زیادی كردووە.

وەك لە ڕاگەیەنراوەكە دەردەكەوێ، بەڕێوەبەرایەتییەكە دڵخۆشە بەوەی بەنداوە بچووك و مامناوەندەكان لە سنووری گەرمیان و سلێمانی و هەولێر و دهۆك، توانیان بە سەلامەتی شەپۆلی چڕی باران و بەفر تێپەڕێنن، زۆربەیان پڕ بوون و ئەوانیتریش ئاوەكەیان زیادی كردووە.

هەرێمی كوردستان ماوەی چەند ساڵێكە ڕووبەڕووی وشكەساڵی بووەتەوە و بارانی پێویست نەدەباری، بەڵام ئەمساڵ وەك دەردەكەوێت سەرەتایەكی تەڕ و دڵخۆشكەری پێشانی خەڵكەكە داوە و لە سەرانسەری وڵاتەكە بەفر و باران زیاتر لە 10 ڕۆژ بەردەوام بوون.


وشە - رامیار جەواد