ماوەی مانگێكە یەكەی 80ی هێزەكانی پێشمەرگە گۆڕاوە بۆ "دەڤەری یەكی پێشمەرگە" ئەم دەڤەرە لە پێنج فیرقەی سەربازی پێكهاتووە و هەر فیرقەیەكیش چوار لیوا لەخۆدەگرێت. لە مانگی شوباتی ساڵی 2026دا، یەكەی 70 ش دەچێتە سەر وەزارەتی پێشمەرگە.
لە ئێستادا سەرجەم هێزەكانی "دەڤەری دوو" كە ژمارەی هەر فیرقەیەك لە 10 هەزار ئەفسەر و پێشمەرگە تێپەڕ دەكات، پابەندی بڕیار و ڕێكارە كارگێڕییەكانی وەزارەتی پێشمەرگەن.
سەرچاوەیەك لەوەزارەتی پێشمەرگە بە"وشە"ی گوت، ماوەی مانگێكە یەكەی 80ی هێزەكانی پێشمەرگە گۆڕاوە بۆ "دەڤەری یەكی پێشمەرگە" ئەم دەڤەرە لە پێنج فیرقەی سەربازی پێكهاتووە و هەر فیرقەیەكیش چوار لیوا لەخۆدەگرێت.
ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەشدا، یەكەی 70، لە مانگی شوباتی ساڵی 2026دا دەبێتە "دەڤەری دووی پێشمەرگە". لەو بەروارەدا یەكەكە بەتەواوی دەخرێتەسەر وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی كوردستان و كۆتایی بە پێگەی پێشووی دەهێنرێت.
بۆ تەواوكردنی ئەم گواستنەوەیە، چەند ڕێكارێكی كارگێڕی و لۆجستی دەستیان پێكردووە، لەوانە گواستنەوەی دۆسێی كارمەندان بۆ وەزارەتی پێشمەرگە و گواستنەوەی میلاكی خانەنشینان بۆسەر وەزارەتی دارایی.
هێزەكانی هاوپەیمانانیش لە ڕێگەی ئەنجامدانی چاوپێكەوتن لەگەڵ فەرماندەی فیرقە، لیوا و فەوجەكان، چاودێریی وردی پڕۆسەكە دەكەن و هاوكار و پاڵپشتی گەورەی یەكخستنەوەكەن.