مەکتەبی سیاسیی حزبی شیوعیی کوردستان، هێرشە سەربازییەکەی ئەمەریکا بۆ سەر ڤەنزوێلا و لادانی سەرۆکی ئەو وڵاتە بە توندی سەرکۆنە دەکات و ڕای دەگەیەنێت، ئامانجی ترەمپ دەستگرتنە بەسەر سەرچاوەکانی وزە و نەوتدا بۆ ڕاستکردنەوەی ئابوورییەکەی.
ئەمڕۆ شەموو سێی کانوونی دووەمی 2026، مەکتەبی سیاسیی حزبی شیوعیی کوردستان لە بەیاننامەیەکدا ڕای گەیاند "لە کاتێکدا گەلانی ئازادیخواز بە ئاواتی ساڵێکی ئارام و ئاشتی بوون، ترەمپ و ئیدارەکەی بە هێرشکردنە سەر گەلی ڤەنزوێلا و بەزاندنی سەروەریی وڵاتەکەیان، جارێکی تر ئاشتیی جیهانی و مافی نەتەوەیی ئەو وڵاتەیان پێشێل کرد".
حزبی شیوعی هۆکاری سەرەکیی هێرشەکەی بۆ دۆخی ئابووریی ئەمەریکا گەڕاندووەتەوە و دەڵێت "ئەمەریکا کە ئێستە توانای گەشە و کێبڕکێی ئابووریی لەدەست داوە، هەوڵ دەدات لە ڕێگەی مسۆگەرکردنی سەرچاوەکانی وزە و نەوت، ئەو هاوسەنگییە لارەی لە ئاست جەمسەرە ڕکابەرەکانی تری جیهاندا هەیەتی، ڕاستی بکاتەوە".
لە بەشێکی تری بەیاننامەکەدا هاتووە، ئەم هێرشە گەڕانەوەیە بۆ سیاسەتی "واقیعی سەپێنراو" بە بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای سەربازی و سیخوڕی، کە پێشێلکارییەکی ئاشکرای یاسا نێودەوڵەتییەکانە.
حزبی شیوعی هۆشداری دەدات و پێشبینی دەکات ئەم ڕووداوە دووبارە ببێتەوە و نووسیویەتی "ئەوەی لە ئەمەریکای لاتین ڕوو دەدات، لەمساڵ و ساڵانی داهاتوودا لە وڵاتانی تریش دووبارە دەبێتەوە کە بەرهەڵستکاری تەماحەکانی ئەمەریکان، بەتایبەتی ئەوانەی لە ڕووی سەربازییەوە بێهێزن".