ئەندامێكی دەستەی كارگێڕیی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان رای گەیاند، سەرەتای ساڵی 2026، دەستپێكێكی سەخت بوو بۆ دنیای نوێ و دەڵێت، ئەوەی دێت، گەورەترە.
ئەمڕِۆ یەكشەم چواری كانوونی دووەم، هۆشیار زێباری ئەندامی دەستەی كارگێڕیی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان، لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی ئێكس نووسیویەتی، لە شەڕی باشووری یەمەن لەسەر هەژموون و ناڕەزایەتییەكانی ئێرانەوە بگرە، تا ڕووبەڕووبوونەوەی ئەمەریكا لە ڤەنزوێلا و گرتنی سەرۆكەكەی لە ئۆپراسیۆنێكی سەربازیی خێرای ئەمەریكیدا، هەروەها گرژی و ئاڵۆزییە هەرێمییەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هەموویان ئاماژەن بۆ ئەوەی كە ئەوەی دێت، گەورەترە.
ئاماژەی بەوەش كردووە، میدیای عەرەبی وەك پێویست گرنگیی بە ڕووداوەكانی ئێران و ڤەنزوێلا نەداوە و دەڵێت، ڕووداوە دراماتیكییەكانی خۆپێشاندانەكانی ئێران و ڕووداوە سەربازییەكانی ئەمەریكا لە ڤەنزوێلا، وەك پێویست لە كەناڵە ئاسمانییە عەرەبییەكاندا گرنگییان پێ نەدرا، بەشێوەیەكی سەرەكی سەرنجیان لەسەر ئۆپراسیۆنەكانی باشووری یەمەن لە حەزرەمەوت بوو.
بە بڕوای هۆشیار زێباری، بەهۆی گرنگینەدان بەو ڕووداوانە، وێنە گەورەكەی هەرێمەكە و جیهانیان لە دەست چوو و وێنە گشتییەكەی ڕووداوە گرنگەكان ون بوو.