بەهۆی بەكارخستنی پڕۆژەی فریاگوزاریی ئاوی هەولێر، ئێستە 900 بیری ئاو داخراون، تا چەند مانگێكی تر دەگاتە سەرووی هەزار بیر. بەڕێوەبەری ئاوی هەولێریش دەڵێت، ئەو پڕۆژەیە كێشەیەكی مێژوویی هەولێری چارەسەر كرد.
ئەمڕۆ دووشەم پێنجی كانوونی دووەم، رابەر حوسێن بەڕێوەبەری ئاوی هەولێر، بە "وشە"ـی راگەیاند، بەهۆی بەگەڕخستنی و تەواوبوونی پڕۆژەی فراگوزاریی ئاوی هەولێر، تا ئەمڕۆ 900 بیری ئاو داخراون و چیتر ئاویان تێدا دەرناهێنرێت.
زیاتر گوتی، ئەو پڕۆژەیە كێشەیەكی گەوری هەولێری چارەسەر كرد، ئێستە ئێمە لە تێكەڵكردنەوەی بۆڕییەكان بەردەوامین، دوای چەند مانگێكی تر رێژەی ئەو بیرانەی دادەخرێن دەگاتە سەرووی هەزار بیر.
باسی لەوەش كرد، ئەو پڕۆژەیە جگە لە سوود بۆ هاووڵاتییان، سوودێكی زۆری هەبوو بۆ ئاوی ژێرزەوی كە چیتر ئاو لە ژێر زەوی دەرناهێنرێت.
بۆ چارەسەركردنی كەمیی ئاوی خواردنەوە لە هەولێر، ساڵی 2024 مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیرانی كوردستان، بەردی بناغەی پڕۆژەی فریاگوزاریی ئاوی هەولێری دانا و بە ماوەی كەمتر لە ساڵێك تەواو كرا.
تێچووی پڕۆژەكە 480 ملیۆن دۆلار بوو و لە سەعاتێكدا 20 هەزار مەتر سێجا ئاو دابین دەكات.
پێشتر سەرچاوەی ئاوی پاك لە هەرسێ پڕۆژەی ئیفراز (1 و 2 و 3) 10 هەزار مەتر سێجا بوو، بەڵام ئەو پڕۆژەیە دوو بەرانبەری ئەو سێ پڕۆژەیە بەرهەمی ئاوی هەیە و تا 30 ساڵی ئایندە، كێشەی ئاو لە هەولێر چارەسەر دەكات، هاوكات لەم پڕۆژەیەدا ڕەچاوی فراوانبوونی شاری هەولێر و زیادبوونی خواست لەسەر ئاو لە ئایندەدا كراوە.
لە كابینەی نۆدا چەندان پڕۆژەی گرنگ و ستراتیجیی ئاو جێبەجێ دەكرێن كە كێشەی ئاوی خواردنەوە لە هەرێمی كوردستان چارەسەر دەكەن.