بڕیارە لە چەند ڕۆژی داهاتوو، شاندی نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان یەكتر ببینن و كۆ ببنەوە. ئەوە گوتەبێژی مەكتەبی سیاسیی پارتی وای گوت.
كۆبوونەوەی نێوان پارتی و یەكێتی بەمەبەستی گفتوگۆكردنە لەسەر پۆستی سەرۆك كۆمار و پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بەتایبەت كە ئێستە هەردوو حزب كاندیدیان بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار دیاری كردووە.
ئەمڕۆ دووشەم، پێنجی كانوونی دووەمی 2026، مەحموود محەمەد گوتەبێژی مەكتەبی سیاسیی پارتی لە لێدوانێكدا رای گەیاند، پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق بەركەوتەی كوردە، بەڵام ئێستە میكانیزمەكە بەراورد بە رابردوو گۆڕاوە و دەبێت رێككەوتن بكرێ.
ئاماژەی بۆ ئەوەیش كرد، گرنگە ئەو پۆستە لای كورد بمێنێتەوە و ئەگەر لایەنی تریش هەوڵی بۆ دا رێگە نەدەین كە بڕوات و دەبێت لای كورد بمێنێتەوە.
لەبارەی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەتی هەرێمی كوردستان گوتەبێژەكەی پارتی گوتی، بەمزووانە شاندی پارتی و یەكێتی یەكتر دەبینن و گفتوگۆكان دەست پێ دەكەنەوە.