بەهۆی تەواوبوونی وادەی پڕكردنەوەی فۆرمی زەوی لە ماوەی پێشوو، چەندان كەس نەیانتوانی فۆرمەكە پڕ بكەنەوە، لە بڕیارێكی نوێدا ئێستە ئەو فەرمانبەرانە دەتوانن فۆرم وەربگرن.
ئەمڕۆ سێشەم شەشی كانوونی دووەم، سەرچاوەیەكی تایبەت بە "وشە"ـی راگەیاند، دوای تەواوبوونی ماوەی پڕكردنەوەی فۆرمی وەرگرتنی زەوی لەلایەن فەرمانبەران، چەندان فەرمانبەر نەیانتوانی فۆرمەكە وەربگرن.
زیاتر گوتی، بەپێی بڕیارێكی نوێ هەلێك دراوە بەو فەرمانبەرانە، سەردانی یەكی فەرمانگەكەیان بكەن و فۆرم وەربگرن، ئەوەش لە ئەمڕۆوە دەست پێ دەكات.
باسی لەوەش كرد، بەو بڕیارە سەرجەم ئەو فەرمانبەر و خانەنشینانەی بێبەش بوونە و نەیانتوانیوە فۆرم پڕ بكەنەوە، ئێستە دەتوانن سوودمەند بن.
27ی ئایاری ساڵی 2024 مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیرانی كوردستان، بڕیاری دا زەوی بەسەر فەرمانبەرانی كوردستان دابەش بكرێت كە لە رابردوودا سوودمەند نەبوون. بەپێی رێنوێنیی ئەنجوومەنی وەزیران، هەر فەرمانبەرێك بەپێی شوێنی نیشتەجێبوونی یان كارتی زانیاری، 200 مەتر زەوی وەردەگرێت.