نرخی گەنم بۆ ساڵی 2026 دیاری كرا و هەرزان كرا

:: AM:09:18:07/01/2026 ‌
لەلایەن وەزارەتی بازرگانیی عێراق، پێشنیار كراوە بۆ ئەمساڵ نرخی گەنم هەرزان بكرێت و ئەو پارەیەی پێشتر بە جووتیاران دەدرا كەم بكرێتەوە، بەمەش بۆ هەر تۆنێك گەنم بڕی 150 هەزار دینار كەمتر گەنم وەردەگیرێت.

ئەمڕۆ چوارشەم حەوتی كانوونی دووەم، شوان حوسێن ئەندامی كۆمەڵەی جووتیارانی دەشتی مەخموور، بە "وشە"ـی راگەیاند، نرخی گەنم بۆ ساڵی 2026 بۆ هەر تۆنێك بڕی 700 هەزار دینار لە جووتیاران وەردەگیرێت.

زیاتر گوتی، ئەو نرخە بەپێی ئەو بەڵگەنامەیەیە كە لەلایەن ئەمیندارێتیی گشتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقەوە دەرچووە لەبارەی نرخی وەرگرتنی گەنم بۆ ساڵی 2026.

باسی لەوەش كرد، ئەو نرخە بۆ ساڵی 2026 بۆ 2027 جێگیر دەكرێت، كەمترە لە نرخی پێشوو كە هەر تۆنێك بە 850 هەزار دینار وەردەگیرا.

روونی كردەوە، بەپێی بڕیارەكە دەبێت لە نرخدا یارمەتیی حكوومەت لە 150% كەمتر نەبێت و لە 170% زیاتر نەبێت لە تێكڕای نرخی جیهانی بۆ هەر تۆنێك بۆ ئەم وەرزە، هەروەها پسوولە تەنیا بۆ ئەو جووتیارانە سنووردارە لە پلانی كشتوكاڵیدا هاتووە.



وشە - رامیار جەواد