زیادكردنی منداڵ بۆ بەشەخۆراك دەست پێ‌ دەكات

:: AM:09:44:07/01/2026 ‌
بڕیارە لە ناوەڕاستی ئەم مانگە مامەڵەی زیادكردنی منداڵ لە پسوولەی خۆراك دەست پێ‌ بكات، بۆ ئەو زیادكردنەش پێویستە حیساب بانكێكت هەبێت، چونكە پارە بەشێوەی ئەلیكترۆنی دەدرێت.

ئەمڕۆ چوارشەم حەوتی كانوونی دووەم، رزگار مستەفا بریكاری خۆراك، بە "وشە"ـی راگەیاند، بەپێی ئەو زانیارییانەی هەن، لە ناوەڕاستی ئەم مانگە زیادكردنی منداڵ لە بەرنامەی بەشەخۆراك دەكرێتەوە.

باسی لەوەش كرد، هێشتا دیار نییە كردنەوەكە هەموو عێراق بەیەكەوەیە یان بەپێی پارێزگاكان بە جیا دەبێت، بەڵام گرنگترین شت ئەوەیە پێویستە هەر خێزانێك ئەگەر نیازی زیادكردنی منداڵی هەیە بۆ بەشەخۆراك، ئەوا حیساب بانكییەكی هەبێت.

زیاتر گوتی، رەنگە كاتەكەی بگۆڕێت یان لەوكاتە دەست پێ‌ بكات، چونكە لە ماوەی ئەو حەوت رۆژەی سەری ساڵ، چەند جارێك بەرنامەی پڕكردنەوەی فۆرمی خۆراكی ئەلیكترۆنی كێشەی تێكەوتووە و وەستێنراوە.

"وشە" بۆ وەرگرتنی زانیاریی زیاتر، پێوەندی بە نەوزاد شێخ كامیل بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی كرد، بەڵام وەڵامی پێوەندییەكەی نەدایەوە.

ماوەی دوو ساڵە زیادكردنی منداڵ بۆ بەشەخۆراك وەستێنراوە، ئەوەیش بەهۆی بە ئەلیكترۆنیكردنی پسوولەی خۆراك، ساڵی رابردوو بە ئەلیكترۆنیكردنی پسوولەی خۆراك دەستی پێ‌ كرد و بۆ چەند مانگێك بەردەوام بوو.



وشە - رامیار جەواد