پەیامێك لە سەرۆك بارزانییەوە

:: PM:06:36:07/01/2026 ‌

لەبارەى پەرەسەندنەكانی دۆخی گەڕەكە كوردییەكانی حەلەب، سەرۆك بارزانی پەیامێكی بڵاو كردەوە و دووپاتی كردەوە، ئەو بارودۆخە مەترسیدار و شەڕ و توندوتیژییەی ئێستەی شاری حەلەب جێگەی نیگەرانییەكی زۆرە، مەترسی لەسەر ژیانی خەڵكی سڤیل و هاووڵاتییانی بێتاوان دروست كردووە و هەڕەشەی پاكتاوی رەگەزی لە دژی كورد لەو ناوچەیەدا هەیە.

لە دەقی پەیامەكەی سەرۆك بارزانیدا هاتووە، گۆڕانكارییە سیاسیەكانی سووریا دەرفەتێكی باش بوون بۆ دۆزینەوەی رێگەچارەیەكی گونجاو بۆ ئەوەی رەچاوی مافە رەواكانی گەلی كورد لە سووریا بكرێت و سەرجەم كێشەكانیش چارەسەر بكرێن. لەو پێناوەشدا لەگەڵ هەموو لایەنەكان هەوڵی زۆرمان دا كە پێویستە هەرچی گرفت و ناكۆكی هەیە لە رێگەی دیالۆگ و بە شێوازی ئاشتییانە چارەسەر بكرێن.

لە پەیامەکەى سەرۆک بارزانى زیاتر هاتووە، ئەو بارودۆخە مەترسیدار و ئەو شەڕ و توندوتیژییەی ئێستە لە شاری حەلەب هەیە، جێگەی نیگەرانییەكی زۆرە و مەترسی لەسەر ژیانی خەڵكی سڤیل و هاووڵاتییانی بێتاوان دروست كردووە و هەڕەشەی پاكتاوی رەگەزی لە دژی كورد لەو ناوچەیەدا هەیە.

سەرۆك بارزانی داوای لە دەسەڵاتدارانی سووریا كردووە، ناكۆكیی سیاسی نەكرێتە ناكۆكیی نەتەوەیی و لەو كێشە و گرفتانەی لە ناوچەی حەلەبدا هەن رێگە نەدرێ هاووڵاتییانی كورد تووشی گوشار و زەبروزەنگ و دەركردنیان لە شوێنی باب و باپیرانیان و پاكتاوی ڕەگەزی ببنەوە، هەروەها داوای لە لایەنە كوردییەكان، بە تایبەتی هەسەدە كرد ئەوەی لە توانایاندا بێت بیكەن لەپێناو راگرتنی شەڕ و پێكدادان و رێگرتن لە خوێنڕێشتنی زیاتر، هەردوولا كار بۆ گرتنەبەری رێگەی دیالۆگ و گفتوگۆ بكەن بۆ چارەسەركردنی كێشەكان. چونكە ناكرێ بوونی ناكۆكیی سیاسی ببێتە هۆی ئەوەی ژیانی خەڵكی سڤیل بخرێتە ژێر مەترسی و پاكتاوی رەگەزی لە دژی گەلی كورد روو بدات و ئەوە تاوانی دژی مرۆڤایەتییە و دەرئەنجامی مەترسیداری لێ دەكەوێتەوە.


وشە - مه‌حموود ئیسماعیل