عەتا ئەحمە لە شەڕی داعشدا بریندار بووە و پێنج فیشەكی بەركەوتووە، ئێستە لیژنەكەی وەزارەتی پێشمەرگە وەك كەمئەندامی سەنگەر وەریناگرن و پێیان راگەیاندووە كە دەیخەنە ناو لیستی خانەنشینانەوە.
پێشمەرگەیەكی خەڵكی شارۆچكەی سەیدسادق دوو رۆژە مانی گرتووە و لەسەر شەقامێكی هەولێر، لەو سەرمایەدا ماوەتەوە و داوای مافی خۆی دەكات.
عەتا ئەحمەد بۆ "وشە" قسەی كرد و رای گەیاند، دوو جار لە شەڕی دژی داعش بریندار بووم و پێنج فیشەكم پێوەیە، بەڵام دەیانەوێت وەك نەخۆش خانەنشینم بكەن.
عەتا ئەحمەد خێزاندارە و سێ منداڵی هەیە، داوای كرد دەنگی بە بەرپرسانی وەزارەتی پێشمەرگە بگەیەنین.
لەمبارەیەوە لیوا عوسمانە ریشە رای گەیاند، داوامان لێ كردووە ئەمڕۆ بێتە وەزارەت و ئامادەین هەموو یارمەتییەكی بدەین، ئەگەر مافی كەمئەندامی هەبوو، بەدڵنیاییەوە وەك كەمەندامی سەنگەر مامەڵەی بۆ دەكرێت.