بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی كەشناسیی هەرێمی كوردستان، راپۆرتێكی لەسەر هاتنی شەپۆلێكی بەفر و باران بڵاو كردەوە و رای گەیاند، پلەكانی گەرما تەواو دادەبەزێت.
ئەمڕۆ پێنجشەم هەشتی كانوونی دووەم، لە راگەیەنراوێكی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی كەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی كوردستاندا هاتووە، شەپۆلێكی باران و بەفر لە كاتەكانی دوای نیوەڕۆی ڕۆژی هەینی لە هەرێمی كوردستان دەست پێ دەكات.
باس لەوەش كراوە، ئەو شەپۆلە لە ئەنجامی نزمە پاڵەپەستۆی دەریای ناوەڕاست و كاریگەریی بارستە هەوایەكی ساردە، كار دەكاتە سەر كەشی ناوچەكەمان، سەرەتا لە سنووری ئیدارەی زاخۆ و پاشان سنووری پارێزگای دهۆك و ناوچە شاخاوییەكان دەست پێ دەكات، بە نمەبارانی لەسەرخۆ و بەفربارینی پچڕپچڕ لەسەر ناوچە سنوورییەكان و لووتكەی شاخە بەرزەكان دەبێت.
باس لەوەش كراوە، لە ئێوارەدا كاریگەریی شەپۆلەكە دەگاتە سەر سەرجەم ناوچە جیاجیاكان، بارانبارین لە سەنتەری پارێزگاكان و ئیدارە سەربەخۆكان بە ڕێژەی جیاجیا دەبارێت، شێوازی بارانی پێشبینیكراو بەشێوەی نمەباران و هەندێ كات بارانی مامناوەند، بڕی بارانی پێشبینیكراو لە ماوەی ئەم شەپۆلە بە گشتی لە نێوان (10-20) ملم، شاخە بەرزەكان و ناوچە سنوورییەكان بڕی بەفربارینی پێشبینیكراوی بە گشتی لە نێوان (10-25) سانتیمەتر دەبێت.
روون كراوەتەوە، كاریگەریی ئەم شەپۆلە تا كاتەكانی شەوی ڕۆژی شەموو بەردەوام دەبێت. لەگەڵ هاتنی كاریگەریی ئەم شەپۆلە پلەكانی گەرما نزم دەبنەوە بە نزیكەی (4-6) پلەی سیلیزی، خێرای با هەندێ كات زیاد دەكات بۆ سەرووی (20) كم لە سەعاتێكدا .