مەترسییەكی تر لە شێخ مەقسوود هەیە و گرووپە چەكدارەكانی سەر بە حكوومەتی كاتی سووریا رێگەنادەن پێویستی پزیشكی بۆ نەخۆشخانەكان بگات.
كەمێك لەمەوبەر، د.عەبدولقادر حەسكۆ بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی شێخ مەقسوود ڕای گەیاند، شەڕێكی توند دەستی پێ كردووە، گرووپە چەكدارەكان بە چڕی هێرش دەكەنە سەر هەردوو گەڕەكە كوردییەكەی حەلەب، لە ئەنجامی ئەم شەڕ پێكدادانەكانی سێ ڕۆژی رابردوودا، 10 هاووڵاتیی شەهید بوون و 65ـی تر بریندارن.
ئەو بۆ كەناڵی كوردستان24 قسەی كردووە و دەڵێ، گرووپە چەكدارەكان رێگە نادەن پێداویستی پزیشكی بۆ نەخۆشخانەكە بێت، "پێداویستی بەردەستمان زۆر كەم ماون".
هەروەها دووپاتی كردووەتەوە كە گرووپە چەكدارەكانی سەر بە حكوومەتی كاتی سووریا، بە شێوەیەكی هەڕەمەكی تەقە و دەكەن، هەروەها هەر دوو گەڕەكی ئەشرەفییە و شێخ مەقسوود بۆردومان دەكەن و بە زۆری خەڵكی سڤیل بە ئامانج دەگرن.
لەلایەكی ترەوە هەر ئەمڕۆ، هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆی حەلەب رای گەیاند، تەنیا لەشەڕی ئەمڕۆدا دەیان ئۆتۆمبێلی سەربازی و تانك و فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی گرووپە چەكدارەكان تێكشكێنراون.