مەلا فکری سیتکانی: ئەحمەد شەرع درۆی کرد و "گورگێکە لە پێستی مەڕدا"

:: AM:10:21:09/01/2026 ‌
مامۆستایەکی ئایینی ڕەخنەی توند لە ئەحمەد شەرع (جۆلانی) دەگرێت و ڕای دەگەیەنێت، ئەو سۆزەی خەڵک بۆی هەبوو ڕاست دەرنەچوو، چونکە ئێستە هێرش دەکاتە سەر کوردانی سووریا و خەڵکی مەدەنی دەکاتە ئامانج، بۆیە داوای دوعا و پاڵپشتی بۆ کوردانی ڕۆژئاوا دەکات.

ئەمڕۆ هەینی نۆی کانوونی دووەمی 2026، مەلا فکری سیتکانی مامۆستای ئایینی و وتارخوێن، لە پەیامێکدا سەبارەت بە دۆخی حەلەب و هێرشەکانی سەر گەڕەکە کوردییەکان ڕای گەیاند، ئەحمەد شەرع درۆ دەرچوو، بووەوە بە جۆلانییەکەی جاران و گورگە لە پێستی مەڕدا.

ئەو مامۆستا ئایینییە دەڵێت، ئەو شەڕەی لە سووریا سەری هەڵداوە لە نێوان چەکدارەکانی جۆلانی و کوردانی سووریا ڕوون و ئاشکرایە، ئەو گرووپە چەکدارانە وێنای سوپای سووریا ناکەن، چونکە ئەگەر سوپا بوونایە دەبوو ستایشی کوردیان کردبا و ڕێزیان لە خەباتیان گرتبا، نەک هێرش بکەنە سەر ژن و منداڵ و نەخۆشخانە و شوێنی نیشتەجێبوون.

مەلا فکری ئاماژەی بەوە داوە، نزیکەی 15 ساڵە کورد ئەمنییەت و پاراستنی ئەو سێ گەڕەکەی حەلەبی لە ئەستۆ گرتووە و شەڕی داعشی کردووە و ئێستەش بەرگری لە خۆی دەکات.

لە پەیامەکەدا هاتووە، ئێستە کورد لەو شەڕەدا مەزڵوومە و زاڵمیش گرووپە چەکدارەکانی جۆڵانین، بۆیە داوا لە هەر کوردێک دەکەم بە هەر جۆرێک بێت بە دوعا و نزا و پشتیوانی، پاڵپشتیی کوردانی سووریا بکەن.

لە کۆتاییدا ئەو مامۆستا ئایینییە نووسیویەتی، ئەو سۆز و عاتیفەیەی بۆ جۆڵانیتان هەبوو گوایە فریادڕەس بوو، بەداخەوە ڕاست دەرنەچوو.


وشە - پۆڵا مەحموود