سەرمایەكی سەخت بەڕێوەیە و سبەی پلەكانی گەرما پێنج پلە دادەبەزن

:: AM:10:50:09/01/2026 ‌
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی هەرێمی کوردستان، پێشبینییەکانی بۆ 48 سەعاتی داهاتوو بڵاو کردەوە و ڕای گەیاند، شەپۆلێکی بارانبارین دەستی پێ کردووە کە لە هەندێک ناوچە دەبێتە لێزمەباران، هاوکات سبەی پلەکانی گەرما بەشێوەیەکی بەرچاو دادەبەزن.

ئەمڕۆ هەینی نۆی کانوونی دووەمی 2026، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاشکرای کرد، ئاسمان هەوری تەواو دەبێت و بارانبارین لە باکوور و باکووری ڕۆژئاوای هەرێم دەست پێ دەکات، پاشان لە کاتەکانی دوای نیوەڕۆدا کاریگەرییەکەی بۆ زۆربەی ناوچەکان درێژ دەبێتەوە.

لە ڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە، هەندێک کات لە هەندێک ناوچە بارانەکە بەشێوەی لێزمەباران دەبێت و لە ناوچە شاخاوییە بەرزەکان و سنوورییەکانیش بەفر دەبارێت. هەروەها ئاماژە بەوە دراوە کە خێرایی با چالاک دەبێت و هەندێک کات دەگاتە سەرووی 30 کیلۆمەتر لە سەعاتێکدا.

سەبارەت بە کەشوهەوای سبەی شەموو 10/01/2026، کەشناسی ڕوونی کردووەتەوە کە ئاسمان هەور و سارد دەبێت، نمەباران و بارانی مامناوەند بە پچڕپچڕی دەبارێت و ڕێژەکەی لە ڕۆژهەڵات و باکووری ڕۆژهەڵاتی هەرێم زیاتر دەبێت، لەگەڵ بەردەوامیی بەفربارین لە سنوورەکان.

گرنگترین گۆڕانکاری بۆ سبەی دابەزینی پلەکانی گەرمایە، کە پێشبینی دەکرێت بەراورد بە ئەمڕۆ، دوو تا پێنج پلە نزم ببنەوە.

بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بۆ سبەی شەموو بەم شێوەیە دەبێت:

هەولێر: 13 پلە

سلێمانی: 10 پلە

دهۆک: 11 پلە

زاخۆ: 10 پلە

کەرکووک: 14 پلە

هەڵەبجە: 10 پلە

گەرمیان: 16 پلە

سۆران: پێنج پلە

حاجی ئۆمەران: دوو پلە


وشە - پۆڵا مەحموود