یەکێتیی زانایانی ئایینیی ئیسلامیی کوردستان، پەیامێکی توندی لەسەر ڕووداوەکانی حەلەب بڵاو کردەوە و ڕای گەیاند، بەئامانجگرتنی کورد و خەڵکی سڤیل پێچەوانەی بنەماکانی ئایینی ئیسلامە و جگە لە "دەمارگیریی کوێرانە" هیچ پاساوێکی نییە.
ئەمڕۆ هەینی نۆی کانوونی دووەمی 2026، یەکێتیی زانایانی ئایینیی ئیسلامیی کوردستان لە بەیاننامەیەکدا ڕای گەیاند "بەئامانجگرتنی کورد و خەڵکی سڤیلی هەردوو گەڕەکی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیە لە حەلەب، بە هەموو پێوەرێک پێچەوانەی بنەماکانی ئایینی پیرۆزی ئیسلام و مافەکانی مرۆڤ و ڕێسا نێودەوڵەتییەکانە".
لە بەیاننامەکەدا هاتووە، هیچ یاسا و لۆژیکێک جگە لە دەمارگیریی کوێرانە، ڕێگە بەو هێرش و کوشتن و ستەمە گەورەیە نادات".
یەکێتیی زانایان وێڕای سەرکۆنەکردنی توندی ئەو هێرشانە، داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کردووە بێدەنگ نەبن، هەروەها داوای لە کەسایەتییە ئایینییەکانی کورد و عەرەب لە ناو سووریا کردووە، بەرپرسیارانە ڕۆڵ ببینن و فاکتەری هێورکردنەوە بن نەک "فووکردن بە شەڕدا.
لە کۆتاییدا یەکێتییەکە داوای لە حكوومەتی سووریا کردووە دەستدرێژییەکان ڕابگرێت و لە بری گەمارۆ و شەڕ، دانوستان و دیالۆگ بکاتە هەوێنی بنیاتنانی سووریای نوێ.