سەرۆکی سووریا بۆ سەرۆک بارزانی: کورد پێکهاتەیەکی ڕەسەنە و گەرەنتیی هەموو مافەکانیان دەکەین

:: PM:03:35:09/01/2026 ‌
سەرۆکی سووریا لە پێوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ سەرۆک مەسعوود بارزانی، بەڵێنی دا دەوڵەتی سووریا گەرەنتیی هەموو مافە نیشتمانی و سیاسییەکانی کورد بکات و بە "پێکهاتەیەکی ڕەسەن" وەسفی کردن.

ئەمڕۆ هەینی نۆی کانوونی دووەمی 2026، ئەحمەد شەرع سەرۆکی سووریا، پێوەندییەکی تەلەفۆنیی بە سەرۆک مەسعوود بارزانییەوە کرد و تێیدا دوایین پێشهاتە سیاسییەکانی سووریا و گۆڕانکارییەکانی ناوچەکەیان تاوتوێ کرد.

بەپێی ڕاگەیەنراوی بارەگای بارزانی، لە پێوەندییەکەدا سەرۆکی سووریا دووپاتی کردەوە کە "کورد پێکهاتەیەکی ڕەسەن و سەرەکیی گەلی سووریایە" و دووپاتی لە پابەندبوونی تەواوی دەوڵەتی سووریا کردەوە بۆ گەرەنتیکردنی هەموو مافە نیشتمانی، سیاسی و مەدەنییەکانی کورد لەگەڵ پێکهاتەکانی تر بە شێوەیەکی یەکسان و بێ جیاوازی.

لای خۆیەوە سەرۆک بارزانی پێزانینی بۆ تێڕوانینەکەی ئەحمەد شەرع هەبوو و پشتیوانیی خۆی بۆ ویست و ئاواتی سوورییەکان ڕاگەیاند بۆ بنیاتنانی دەوڵەتێک کە هەموو لایەن و پێکهاتەکان بگرێتە خۆ و تێیدا هاوبەش بن.

لە کۆتایی پێوەندییەکەدا، هەردوولا لەسەر گرنگیی سەقامگیری و بەردەوامیی ڕاوێژ و هاوئاهەنگی هاوبەش ڕێک کەوتن، لەپێناو ڕەچاوکردنی بەرژەوەندیی هەموو لایەک و پاراستنی ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی.


وشە - پۆڵا مەحموود