شێخ مەقسوود دەستی زۆرینەی رۆشنبیر و بانگخوازی عەرەبی ئاشكرا كرد

:: AM:11:22:10/01/2026 ‌
لەم رۆژانە كە چەتەكانی جۆلانی و گرووپە تیرۆریستەكانی سەربە توركیا پەلاماری هەردوو گەڕەكی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیەیان دا، كوردی لە هەر چوار پارچەكەی یەكخست، هاوكات دەستی زۆرینەی نووسەر و كەسە دیارەكانی عەرەبی ئاشكرا كرد.

چوار رۆژە كۆمەڵێك شەڕڤانی كورد بەرانبەر هەموو هێزەكانی ئەحمەد شەرع وەستاون و بەرگری دەكەن، تا ئێستەش لە گەڕەكی شێخ مەقسوود بەرگری دەكەن، ئەمە وایكرد كوردانی هەر چوار پارچەی كوردستان بجووڵێنێتەوە و لە چەندان لاوە دەنگی پاڵپشتی بەرز بێتەوە، هەروەها هەموو راگەیاندنی باشووری كوردستانیشی بۆ پشتیوانی رۆژئاوای كوردستان هان دا.

لە هەمان كاتدا دەستی هەموو ئەو نووسەر و ئەدیب و رۆشنبیرەی عەرەبی ئاشكرا كرد كە پێشتر خۆیان بە دەنگی مەزڵوومان دەزانی، وایان پێشان دەدات لە رێگەی هەقدان.

رقی ئەوان لەم چەند رۆژادا بەئاشكرا دەركەوت و بەشێكی زۆریان داوای قڕكردنی ئەو چەند سەد چەكدارەی كوردیان دەكرد، كە خەریكی بەرگری بوون لە ماڵ و خەڵكی خۆیان.

عەبدولكەریم بەكار كە یەكێكە لە نووسەرە دیارەكان و خاوەنی دەیان كتێبە، بەو پەڕی رقەوە دژ بە كورد دەنووسێت، تا ئێستە چەندان جار لەسەر ئەو بابەتە بەرژدی پاڵپشتیی خۆی بۆ قڕكردنی كورد دەربڕیوە.

موعتەز خەتیب، كتێب لەسەر توندوتیژی و لێبووردەیی دەنووسێت، بەڵام بە ئاشكرا پاڵپشتیی توندوتیژی چەتەكانی جۆلانی بۆ سەر كورد دەكات.

محەمەد موختار شەنقیتی، خۆی بە خاوەن پڕۆژە دەزانێت لەسەر ئاستی جیهانی، بەڵام بە شانازییەوە باسی پاراستنی شام دەكات.

ئەوە جگە لەوەی زۆرینەی مەلاكانیان لەم رۆژانەدا بەردەوام لە خودا دەپاڕێنەوە چەتەكان بەسەر كوردا سەر بخات، لەناویاندا محەمەد عەلی سەلابی شەو و رۆژ خەریكی دوعاكردنە بۆ سەركەوتنی عەرەب بەسەر كورد.

ئەوانی تریشیان هەموو كورد وەك بوونەوەری ترسناك وێنا دەكەن و ئەدهەم شەرقاوی، وەك شەقاوە و خراپەكاری دەداتە پاڵ كورد و دوعای زاڵبوون بۆ برا عەرەبەكانی دەكات.

ئەگەر بەوردی بەدوای گوتاری ئەو نووسەر و بانگخوازە عەرەبانەدا بگەڕێیت، دەبینیت بە سەتانیان داوای كۆتاهێنان بە كورد لە سووریا دەكەن، هیچ مافێك بەكورد جگە لەوەی كە دەڵێن مەڕ بن و ئێمەش شوانتان دەبین ناڵێن.



وشە - سۆران عەزیز