دوای گەیشتنی نرخی مریشك بە سێ هەزار و 250 دینار لە ماوەی 10 رۆژی رابردوو، لە دوێنێوە نرخەكەی رووی لە شكان كردووە.
ئەمڕۆ شەموو 10ـی كانوونی دووەم، زانا عەبدولكەریم ئەندامی كۆمەڵەی كێڵگە پەلەوەرییەكان، بە "وشە"ـی راگەیاند، 10 رۆژ پێش ئێستە نرخی كیلۆیەك مریشك بە سێ هەزار و 250 دینار بوو.
زیاتر گوتی، مریشكێكی زۆر ئێستە پێگەیشتووە و خراونەتە بازاڕ، كەشوهەوا ساردە و پێویستی بەگەرمكەرەوەیە، بۆیە نرخەكەی رووی لە هەرزانی كردووە.
باسی لەوەش كرد، ئەمڕۆ نرخی كیلۆیەك مریشك بە دوو هەزار و 400 دینار بۆ دوو هەزار و 250 دینارە، ئەمەیش نرخێكی زۆر كەمە.
قەبارەی بەرهەمی هەرێمی كوردستان لە بەرهەمهێنانی مریشكدا دەگاتە 270 هەزار تۆن، خواستیش لە ناوخۆی كوردستاندا 147 هەزار تۆن بەرهەمی مریشكە، لە هێلكەشدا لە ناوخۆ هەرێمی كوردستان پێوستی بە حەوت هەزار كارتۆن هەیە، بەڵام ئێستە رۆژانە بەرهەم دەگاتە 16 هەزار و 500 كارتۆن.