لەلایەن سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێرەوە، كۆكردنەوەی سەگی بێلانە بەردەوامیی هەیە و لە ماوەی ساڵێكدا زیاتر لە هەشت هەزار سەگ كۆ كراونەتەوە.
ئەمڕۆ شەموو 10ـی كانوونی دووەم، سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر بڵاوی كردەوە، لە ڕێگەی بەڕێوەبەرایەتیی خزمەتگوزاری و ژینگەپارێزی، تەنیا لە سەنتەری شاری هەولێر لە ساڵی 2025دا، بە ئامانجی كەمكردنەوەی مەترسی پەلاماردانی هاووڵاتییان، توانیویەتی هەشت هەزار و 437 سەگی بێلانە لە شەقامە گشتی و كۆڵان و گەڕەكەكاندا كۆ بكاتەوە.
ئاماژە بەوەش كراوە، ئەو سەگانە ڕەوانەی شێڵتەری حەوانەوەی ئاژەڵە بێلانەكان كراون، كە بەشێكیان بەپێی ستانداردە جیهانییەكان ڤاكسینكراو و نەزۆك كراون، پاشان لە دەشتاییەكانی دەرەوەی شار ئازاد كراون .
روون كراوەتەوە، ئەوە سەرەڕای بەڕێوەبردنی شێڵتەرەكە و دابینكردنی خۆراك و وەرگرتنی چارەسەر بۆ سەگە بێلانەكان، لەگەڵ دابینكردنی ستافێكی شارەزا لەو بوارە كە كاری رۆژانەیانە.