لە سلێمانی و گەرمیان خۆپێشاندان بۆ پشتیوانی رۆژئاوا كرا

:: PM:02:33:10/01/2026 ‌
لە پاركی دایك لە شارەدێی ڕزگاری، بەئامادەبوونی ژمارەیەك لە دانیشتووان گردبوونەوەیەك بۆ پاڵپشتی رۆژئاوای كوردستان ئەنجامدرا.

چوار رۆژ زیاترە كە چەكدارانی سەر بە حكوومەتی سووریا هێرشی بەردەوام دەكەنە سەر حەلەب، ئەوەیش هۆكار بووە كە كوردان لە هەرچوار پارچەی كوردستان یەكهەڵوێست بن و پشتیوانی كورد لە رۆژئاوا بكەن. 

لە گردبونەوەكەی ئەمڕۆی رزگاری، پەیامێكی پاڵپشتی لەڕزگارییەوە بۆ شێخ مەقسوود و ئەشرەفیە نێردرا و سەركۆنەی هێرشەكانی چەكدارانی سووریا كرا و داوایش لە نەتەوەیەكگرتووەكان كرا، بێنە سەرخەت.

هەر ئەمڕۆ لە سلێمانیش پاڵشتی بۆ كوردانی رۆژئاوای كوردستان پێشان درا و هەمووان دووپاتیان لەوە كردەوە كە پێویستە وڵاتانی دنیا لەسەر ئەو دەستدرێژییەی چەكدارانی حكوومەتی سووریا بێنە دەنگ. 

رەحمان غەریب رێكخەری خۆپێشاندانەكەی سلێمانی، بە "وشە"ی گوت، ئەوەی دوێنێ‌ لە هەولێر بۆ پشتیوانی رۆژئاوا كرا نمونەیی بوو، ئەمڕۆ كاتی ئەوەیە كە كورد یەكهەڵوێست بێت دژی ئەو دەستدرێژییانە كە دەكرێنە سەر كورد لە سووریا. 

جێی ئاماژەیە كە دوێنێش هاووڵاتییانی هەولێر دژی هێرشەكانی چەكداران بۆ سەر حەلەب خۆپێشاندان ئەنجام دا. 



وشە - وشه‌