كارمەندانی تەندروستی: بەهۆی بۆردمانكردنی نەخۆشخانەی حەلەب كارەسات بەڕێوەیە

:: PM:03:48:10/01/2026 ‌
كارمەندانی تەندروستی لە رۆژئاوای كوردستان، بەیاننامەیەكیان ئاراستەی نەتەوە یەكگرتووەكان و دەزگە نێودەوڵەتییەكان كرد و رای دەگەیەنن، بە ئامانجگرتنی نەخۆشخانەكە، لە ماوەیەكی نزیكدا، بە شێوەیەكی یەكلاكەرەوە بەبێ هیچ گومانێك، دەیسەلمێنێت كە ئەم بۆردومانكردنە بە ئەنقەست و سیستماتیكییە.

لە بەیاننامەكەدا هاتووە، بۆ پێنجەمین ڕۆژی لەسەریەك گەڕەكەكانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیە گۆڕاون بۆ سەنگەرێكی كراوەی شەڕ كە جۆرەها چەك لەوان چەكی قورس لە هەڵكشانێكی سەربازیی مەترسیداردا بەكار دەهێنرێن، مەترسی لەسەر ژیانی دەیان هەزار سڤیل هەیە و پێشێلكارییەكی ئاشكرای بنەماكانی مرۆڤدۆستییە، بۆیە بەناوی ستافی كارگێڕی و پزیشكی و سەرجەم كارمەندانی چاودێری تەندروستی، بە توندترین شێوە سەركۆنەی تۆپبارانی بە ئەنقەست و دووبارەبوونەوەی نەخۆشخانەی شەهید خالید فەجر لە گەڕەكی شێخ مەقسوود دەكەین كە چوار جار كراوەتە ئامانج. ئەمە تاوانێكی ڕوون و پێشێلكارییەكی قورس و ئاشكرایە بۆ یاسای مرۆیی نێودەوڵەتی و هەموو ڕێككەوتننامە و نێودەوڵەتییەكان. 

"دووبارەبوونەوەی بە ئامانجگرتنی نەخۆشخانەكە، لە ماوەیەكی نزیكدا، بەشێوەیەكی یەكلاكەرەوە بەبێ هیچ گومانێك دەیسەلمێنێت كە ئەم بۆردمانكردنە بە ئەنقەست و سیستماتیكییە، بە ئامانجی ئەوەی بۆ هەمیشە نەتوانرێت كار بكات كە ئەمە نەخۆشخانەی ناوەندی و سەرەتاییە كە خزمەتگوزاری پزیشكی پێشكەش بە دانیشتوانی شێخ مەقسوود دەكات"، لە بەیاننامەكەدا وا نووسراوە. 

هەروەها دووپات دەكەنەوە كە ئەم بۆردمانكردنە بە ئەنقەست بووە هۆی كوژران و برینداربوونی ژمارەیەك لە كارمەندانی چاودێری تەندروستی، لە كاتێكدا كە ئەركی مرۆیی خۆیان جێبەجێ دەكرد. ئەمەش تاوانێكی جەنگە بەپێی ڕێككەوتننامەكانی جنێڤ، بەتایبەتی ڕێككەوتننامەی چوارەم و پرۆتۆكۆڵە زیادەكانی، كە بەڕوونی پاراستنی دامەزراوە پزیشكییەكان و كارمەندانی لە هەموو كاتێكدا دیاری دەكەن.

هەروەها دووپات دەكەنەوە كە ژیانی زیاتر لە 70 ژن و منداڵ و پیاو و بەساڵاچوو لە ناو نەخۆشخانەی شەهید خالید فەجری ئامانجكراو لەگەڵ ژمارەیەكی زۆر لە كەسانی تری بریندار و بریندار لە دەرەوەی نەخۆشخانە، بەهۆی ئەو تۆپبارانە توند و بێ جیاوازییە، لە مەترسییەكی نزیك و گەورەدایە. داخستنی نەخۆشخانەكان و كەمیی توندی كارمەندان و پێداویستییە پزیشكییەكان پێشبینی كارەساتێكی مرۆیی و تەندروستیی نزیكە.




وشە - سه‌رخێڵ هاشم