لە بانگەوازێكی بەپەلەدا، ئەنجوومەنی دانیشتووانی گەڕەكی شێخ مەقسوود لە حەلەب، داوا لە سەرجەم دانیشتووانی گەڕەكەكە دەكات بێنە سەر شەقامەكان و ڕوو بكەنە نەخۆشخانەی خالید فەجر.
ئەمڕۆ شەموو 10ی كانوونی دووەمی 2026، هاوكات لەگەڵ ئاڵۆزییەكانی گەڕەكەكە و بۆردمانكردنی بەردەوام لەلایەن گرووپە چەكدارەكانی حكوومەتی كاتیی سووریا، ئەنجوومەنی گەڕەكی شێخ مەقسوود لە بانگەوازێكدا داوای لە هەموو توێژەكانی كۆمەڵگە كردووە بە شێوەیەكی جەماوەری چالاك بن و بەرەو نەخۆشخانەی خالید فەجر بەڕێ بكەون.
باسیان لەوە كردووە، ئامانجی سەرەكی ئەم جوڵە جەماوەرییە، وەستانەوەیە لەگەڵ بریندارانی سڤیل و بەهێزكردنی گیانی پێكەوەییە لە بەرانبەر ئەو دۆخە نائاساییەی كە ڕووبەڕووی گەڕەكەكە بووەتەوە.
جێی ئاماژەیە، نەخۆشخانەی خالید فەجر لە گەڕەكی شێخ مەقسوود، ڕووبەڕووی بۆردمانێكی سەخت بووەتەوە و ژمارەیەكی زۆر لە هاووڵاتییانی سڤیل كە لە نێویاندا ژن و منداڵ هەن، بەهۆی هێرشەكانەوە بریندار بوون و لەو ناوەندە تەندروستییە چارەسەر وەردەگرن.