تەواوی هێزە كوردییەكان لە حەلەب كشانەوە

:: AM:09:57:11/01/2026 ‌
دوای رێككەوتنی شەوی رابردوو، بەرەبەیانیی ئەمڕۆ تەواوی هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆی حەلەب كە كورد بوون، ئەو شوێنەیان جێهێشت و چوونە ناو سنووری هەسەدە.

ئەمڕۆ یەكشەم 11ـی كانوونی دووەم، لە بەرەبەیاندا هێزەكانی هەسەدە بە چەند پاسێك لە گەڕەكی شێخ مەقسوودەوە بەرەو ڕۆژهەڵاتی ڕووباری فورات شاری حەلەبیان بەجێهێشت، لە كاتێكدا چوار فڕۆكەی چاودێری بۆ دابینكردنی سەلامەتیی كشانەوەیان بە ئاسمانی شارەكەدا دەفڕین.

بەیەك كاروان لە كاتی كشانەوە، نزیكەی 350 ئەندامی هێزەكانی هەسەدە كە لە ناو نەخۆشخانەی گەڕەكی شێخ مەقسوود سەنگەریان گرتبوو، بەرەو ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە لە باكوری ڕۆژهەڵاتی سووریا گواسترانەوە. ئەمەش بەگوێرەی لێكگەیشتنە تەناهییەكانی چەند سەعاتی رابردوو بوو.

پێشتر مەزڵووم عەبدی فەرماندەی گشتیی هەسەدە ڕای گەیاند، دوای هەوڵێكی زۆر و بە ناوەندگیری لایەنە نێودەوڵەتییەكان، بە مەبەستی ڕاگرتنی هێرشەكان بۆ سەر دانیشتووانی شاری حەلەب، گەیشتینە لێكگەیشتنێك بۆ گواستنەوەی شەهیدان، برینداران، هاووڵاتییانی مەدەنی گەمارۆدراو، هەروەها شەڕڤانان لە هەردوو گەڕەكی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیەی شاری حەلەبەوە بۆ ناوچەكانی باكور و ڕۆژهەڵاتی سووریا.


وشە - رامیار جەواد