سبەی لاهوور شێخ جەنگی دادگایی دەكرێت

:: AM:10:42:11/01/2026 ‌
بڕیارە سبەی لاهوور شێخ جەنگی دادگایی بكرێت و چەندان تۆمەتیش بۆ دادگاییكردنەكەی ئامادە كراون، یەكێك لە تۆمەتەكانیش كوشتنی بە ئەنقەستە.

ئەمڕۆ یەكشەم 11ـی كانوونی دووەم، بەپێی زانیارییەكانی "وشە" سبەی سەعات 10 لاهوور شێخ دادگایی دەكرێت، ئەو تۆمەتانەی ئاراستەی كراون بریتین لە كوشتنی بە ئەنقەست و پیلاندانان بۆ كاری تێكدەرانە.
 
میدیاكانی نزیك لە لاهوور شێخ جەنگی بڵاویان كردووەتەوە، سبەی لە كاتی دانیشتنەكەدا دادوەری دادگاكە بڕیاری یەكلاكەرەوە دەدات لەوەی كە ئایا هەر بەو دوو تۆمەتە دادگایی دەكرێت، یان مادە یاساییەكانی بۆ دەگۆڕێت.

ئەوە لە كاتێكدایە پارێزەرانی لاهوور شێخ جەنگی داوای گواستنەوەی ئەو دادگاییەیان بۆ هەولێر كردبوو، بەڵام بەرپرسانی دادگا بە پارێزەرەكانیان راگەیاندووە ناتوانین ئەو داواكارییە قبووڵ بكەین.
 
شەوی 22ی ئابی 2025، هێزە تەناهییەكانی سلێمانی، هێرشیان كردە سەر لالەزار و دوای سێ سەعات شەڕ، لاهوور شێخ جەنگی و پۆڵادی برای و ئەندامانی هێزی چەكداری لاهوور شێخ جەنگی كە بەناوی "هێزی دووپشك" بوو، گیران.
 
دواتر دەزگای ئاسایشی هەرێم – سلێمانی، ددانپێدانانی چەند كەسێكی بڵاو كردەوە و گوتیان، بە فەرمانی لاهوور شێخ جەنگی پلانی كوشتنی بافڵ تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانیان هەبووە و كاریان لەسەر كردووە.


وشە - رامیار جەواد