"یەكێتی بە 17 كورسییەوە پۆستی سەرۆك كۆماری پێ‌ نادرێ‌"

:: PM:03:49:11/01/2026 ‌
ململانێ لەسەر وەرگرتنی پۆستی سەرۆك كۆمار بەردەوامە، جیا لەوەی پارتی و یەكێتی كاندیدی فەرمی و جیاوازیان بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە هەیە، چەندان كەسیش بەشێوەی سەربەخۆ خۆیان بۆ پۆستەكە كاندید كردووە. 

ئەمڕۆ یەكشەم 11ی كانوونی دووەم، سەرچاوەیەكی ئاگادار بە "وشە"ی گوت، راستە پۆستی سەرۆك كۆمار دەبێت بە ڕێككەوتن بێت لە نێوان لایەنەكاندا، بەڵام ئێستە كە یەكێتی سوورە لەسەر وەرگرتنی ئەو پۆستە و پێی وایە وەك عورفی سیاسیی دەبێت لای ئەوان بمێنێتەوە، مەرجی بۆ داوە. 

سەرچاوەكە باسی لەوەیش كرد كە مەرجی بەردەم یەكێتی ئەوەیە، ئەگەر بە 17 كورسییەوە پۆستی سەرۆك كۆمار وەربگرێ‌، ئەوە دەبێت دەستبەرداری هەموو پۆستەكانی تری وەزاری و دەزگاكانی ناو حكوومەتی عێراق بێت، چونكە ئەو بڕوایە لای لایەنەكان دروست بووە كە حزبێكی خاوەن 17 كورسیی، نابێت پۆستی سەرۆك كۆمار و پۆستی تریشی لابێ‌. 

ئەو سەرچاوەیە باسی لەوە كرد كە پۆستی سەرۆك كۆمار بۆ یەكێتی یەكلا نەبووەتەوە، چونكە ئەمجارە مەرج نییە بدرێتەوە بەو حزبە و بڕوای ئەوە لای پارتی و لایەنەكانی تریش دروست بووە كە بخرێتە بەركەوتەی هەڵبژاردن. 

دوێنێ‌ ئیخلاس دلێمی ئەندامی پەرلەمانی عێراق ئەوەی گوت، دەبێت هەر لایەنێك پۆستی سەرۆك كۆمار وەربگرێ، دەستبەرداری پۆستەكانی تر بێت. 

هاوكات رێزان شێخ دلێر پەرلەمانتاری كۆنی یەكێتی، بۆ "وشە" ئەوەی راگەیاند، پارتی ملیۆنێك و 100 هەزار دەنگی زیاتری هێناوە، بۆیە پێش هەمووان بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار، یەكێتی دەبێت پارتی رازی بكات. 
 



وشە - وشه‌