وەزارەتی پێشمەرگەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان رای گەیاند، ئەمڕۆ پێشمەرگە و سوپای عێراق ئۆپەراسیۆنێكی هاوبەشیان ئەنجام دا.
لە راگەیەنراوەكەدا هاتووە، سەعات شەشی بەیانیی ئەمڕۆ، هێزەكانی پێشمەرگە و سوپای عێراق لە سنووری زنجیرە چیای قەرەچووغ ئۆپەراسیۆنێكی هاوبەشیان ئەنجام دا.
باس لەوە كراوە، لە ئۆپەراسیۆنەكەدا لیوای 18ی فیرقەی یەكی پیادەی وەزارەتی پێشمەرگە بە هاوئاهەنگی لەگەڵ لیوای 14ی فیرقەی 50ی سوپای عێراقی بەشداربوون، تیایدا لە سنووری زنجیرە چیای قەرەچووغ و گوندەكانی دەوروبەری گەڕان و پشكنینیان بە دوای مۆڵگە و شوێنی مانەوەی تیرۆریستان ئەنجام دا، كە گومان دەكرا شوێنی مانەوە و جموجۆڵی تیرۆریستان لەو ناوچانەدا هەبن.
"ئۆپەراسیۆنەكە بەشێوەیەكی دروست بەپێی نەخشە و پلانی بۆ داڕێژراو سەركەوتووانە ئامانجی خۆی پێكا کە لەلایەن فەرماندەی لیوای 18ی پیادەی هێزی پێشمەرگە سەرپەرشتی دەكرا". وەزارەتی پێشمەرگە ئەو زانیاریەی بڵاو كردووەتەوە.