15 حزبی كوردستان: بێدەنگیی نەتەوە یەكگرتووەكان لە ئاست تاوانبارانی حەلەب شەرمەزارییە

:: AM:08:38:12/01/2026 ‌
15 حزب و لایەنی سیاسیی كوردستان لەبارەی دۆخی كورد لە حەلەب و رۆژئاوای كوردستان، كۆبوونەوە و رایان گەیاند، ئەو هێرشانەی دەكرێنە سەر گەڕەكەكانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیە "جینۆسایدە".

زۆرینەی حزبەكانی باشووری كوردستان دوێنێ یەكشەم 11ی كانوونی دووەم لە هەولێر كۆبوونەوە، لەبارەی حەلەبەوە بەیاننامەیاكیان بڵاو كردەوە و تێیدا هاتووە، داوا لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەكەن سنوورێك بۆ ئەو پێشێلكارییانە دابنێن و رێگری لە گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچەكە بكەن.
 

لە راگەیەنراوی ئەو حزبانەدا  هاتووە، "ئەو هێرشانەی دەكرانە سەر گەڕەكەكانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیە، كورد و پێكهاتەكانی تری ناوچەكەی خستووەتە دۆخێكی زۆر سەختەوە. ئەوەی روو دەدات جۆرێكە لە جینۆساید دژی گەلەكەمان و هەموو پێكهاتە نەتەوەیی و ئاینییەكانی وەك ئاشووری، سریانی و ئێزیدی."
 
حزبە كوردستانییەكان هێرشەكان، بە "پیلانێكی داڕێژراو" ناوی دەبەن، پشتیوانی تەواوی خۆیان بۆ "بەرگریی رەوای گەلی كورد لە رۆژئاوای كوردستان" دووپات دەكەنەوە. 
 
ئەو حزبانە دەڵێن: بێدەنگ نابن و پەنا بۆ هەموو رێگەیەكی مەدەنی دەبەن بۆ گوشار خستنەسەر كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، بە مەبەستی فریاكەوتنی كوردانی حەلەب.
 
حزبەكانی باشووری كوردستان داوا لە نەتەوە یەكگرتووەكان، ئەنجوومەنی ئاسایش و رێكخراوەكانی مافی مرۆڤ دەكەن، دەستبەجێ بێنە دەنگ و رێگریی لە "لەناوبردنی گەلێكی بێتاوان" بكەن. 
 
رەخنەش لە نەتەوە یەكگرتووەكان دەگرن و رایان گەیاندووە،  "بێدەنگیی نەتەوە یەكگرتووەكان بەرانبەر ئەم كارەساتە، پێچەوانەی هەموو بەها دیموكراتی و مرۆییەكان و جاڕنامەی جیهانیی مافەكانی مرۆڤە."
 
ناوی ئەو حزب و لایەنانەی بەشدار بوون:
 
1- كۆنگرەی نەتەوەیی كوردستان KNK.
2- یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان.
3- بزووتنەوەی گۆڕان.
4- حزبی شیوعی كوردستان.
5- یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان YNDK.
6- حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان.
7- حزبی تێكۆشانی كوردستان.
8- بزووتنەوەی دیموكراتی گەلی كوردستان.
9- بەرەی گەل.
10- حزبی دیموكراتی بێت نەهرێن.
11- بزووتنەوەی رزگاریی دیموكراتی كوردستان.
12- حزبی پارێزگارانی كوردستان.
13- حزبی گەشەپێدانی توركمانی.
14- حزبی رزگاریی كوردستان.
15- حزبی بنیاتنانی دیموكراتی كوردستان.



وشە - سۆران عەزیز