ماوەی چەند رۆژێكە بەشێكی زۆری خەڵكی كوردستان و بژاردە و كەسانی یاسایی و راگەیاندنەكان، داوا دەكەن بەهۆی پاڵپشتی لە دوژمنانی كورد، مەلا مەزهەر خۆراسانی دادگایی بكرێت و سزا بدرێت.
مەلا مەزهەر چەند رۆژێكە بەلێدوانەكانی لەسەر شەری حەلەب و پاڵپشتی لە تیرۆریستانی سووریا، نیگەرانییەكی زۆری لەناو خەڵكی باشووری كوردستان دروست كردووە.
پارێزەرێكی ڕاوێژكار داوا لە حكوومەت، وەزارەتی پێشمەرگە، نوێنەرایەتی خۆبەڕێوەبەری و ژنانی ئازادیخواز دەكات، بەهۆی سووكایەتیكردن بە هەستی كۆمەڵگە و ژنان، لە ڕێگەی داواكاری گشتییەوە سكاڵای یاسایی لە دژی مەلا مەزهەر خۆراسانی تۆمار بكەن.
نەریمان ئەحمەد ڕەشید پارێزەری ڕاوێژكار ڕای گەیاند، پێویستە لایەنە پێوەندیدارەكان بە زووترین كات خۆیان بگەیەننە داواكاری گشتی بۆ جووڵاندنی دۆسیە لە دژی مەلا مەزهەر، چونكە لێدوانەكانی پێشێلكارییەكی ڕوونی یاسای ژمارە 111ی ساڵی 1969یە.
ئەم پارێزەرە ئاماژەی بەوە كرد، سووكایەتییەكانی ئەم كەسە بارتەقای ئازاری هێرشەكانی سەر گەڕەكەكانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیە قورسە و گوتی: ئەم جۆرە لێدوانانە بوونەتە دیاردە و پشێوی گەورەیان لە ناو كۆمەڵگەدا دروست كردووە، بۆیە ئامادەیی خۆی بۆ هەر ڕێكارێكی یاسایی پێشان دا.
هاوكات لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی فەیسبووك چەندان نووسەر و كەسانی نەتەوەیی، داوای دادگاییكردنی مەلا مەزهەر دەكەن،داواش لە حكوومەت دەكەن رێگریی لە كەسانی وا بكات دژی نەتەوەكەیان لێدوان بدەن و كۆمەڵگەی كوردی نیگەران بكەن.
ئەم داوایە لە كاتێكدایە كە لە ڕابردوو چەندان جار لێدوانەكانی مەلا مەزهەر لە ناوەندە میدیاییەكان و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا، بوونەتە جێگەی مشتومڕ و ناڕەزایەتیی توندی ڕێكخراوەكانی ژنان و چالاكانی مەدەنی و هێزە سیاسییەكان، كە هاندانە بۆ توندوتیژی و دژی خەباتی نەتەوەییە.