ئەمڕۆ لە دادگا یەك بابەت لەگەڵ لاهوور شێخ جەنگی باس دەكرێت

:: AM:09:10:12/01/2026 ‌
بڕیارە ئەمڕۆ لاهوور شێخ جەنگی دادگایی بكرێت و چەندان تۆمەتیش بۆ دادگاییكردنەكەی ئامادە كراون، بەڵام یەك بابەت لە دادگادا لەگەڵی باس دەكرێت.

ئەمڕۆ دووشەم 12ـی كانوونی دووەم، بەپێی زانیارییەكانی "وشە" ئەمڕۆ سەعات 10 لاهوور شێخ دادگایی دەكرێت، ئەو تۆمەتانەی ئاراستەی كراون، بریتین لە كوشتنی بە ئەنقەست و پیلاندانان بۆ كاری تێكدەرانە.
 
تیمی پارێزەرانی لاهوور شێخ جەنگی، بە "وشە"یان راگەیاند، لە دانیشتنی ئەمڕۆی دادگادا تەنیا یەك دۆسیە تاوتوێ دەكرێت، ئەمەش هاوكاتە لەگەڵ سكاڵای تیمی پارێزەران و بڕیاری دادگای پێداچوونەوەی هەرێمی كوردستان كە داوای كردووە دۆسیەكە رەوانەی دادگاكە بكەن.

ئەوە لە كاتێكدایە پارێزەرانی لاهوور شێخ جەنگی داوای گواستنەوەی ئەو دادگاییەیان بۆ هەولێر كردبوو، بەڵام بەرپرسانی دادگا بە پارێزەرەكانیان راگەیاندووە ناتوانین ئەو داواكارییە قبووڵ بكەین.
 
شەوی 22ی ئابی 2025، هێزە تەناهییەكانی سلێمانی، هێرشیان كردە سەر لالەزار و دوای سێ سەعات شەڕ، لاهوور شێخ جەنگی و پۆڵادی برای و ئەندامانی هێزی چەكداری لاهوور شێخ جەنگی كە بەناوی "هێزی دووپشك" بوو، گیران.
 
دواتر دەزگای ئاسایشی هەرێم – سلێمانی، ددانپێدانانی چەند كەسێكی بڵاو كردەوە و گوتیان، بە فەرمانی لاهوور شێخ جەنگی پلانی كوشتنی بافڵ تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانیان هەبووە و كاریان لەسەر كردووە.


وشە - رامیار جەواد