دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ بڵاوی كردەوە، مەلا مەزهەر تاهیر لە كەناڵێكی میدیایی لێدوانێكی بڵاو كردووەتەوە و بێڕێزییەكی زۆر بە ژنان و ڕۆڵ و پێگەی ژنان دەكات.
ئەمڕۆ دووشەم 12ـی كانوونی دووەم، دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ بڵاوی كردەوە، بەداخەوە مامۆستایەكی ئاینی لە شاری هەولێر بە ناوی (مەلا مەزهەر تاهیر)، لە كەناڵێكی میدیایی لێدوانێكی بڵاو كردووەتەوە و بێڕێزییەكی زۆر بە ئافرەتان و ڕۆڵ و پێگەی ئافرەت دەكات. ئەو لە ڕوانگەیەكی تەسكەوە ڕۆڵی ئافرەتی كەم كردووەتەوە لە ماڵەوە، وەك خزمەتكارێك وێنای كردووە كە ئەركەكەی تەنیا لە ماڵەوەیە.
باس لەوەش كراوە، ئەو گوتانەی مەلا مەزهەر بە تەواوی دژی بنەمای ئاینەكانە، پێچەوانەی بنەماكانی مافی مرۆڤ و شكۆی ژنانە؛ بۆ ئەو مەبەستە دەستەی مافی مرۆڤ لە ڕێگەی داواكاری گشتییەوە ئەو كەیسە دەجووڵێنێت، ئەو ڕووبەڕووی یاسا دەكاتەوە لەبەرئەوەی گوتەكانی مەلا مەزهەر دژی مادەی 14ی دەستووری عێراقە، ئەم مادەیە بەڕوونی باس لەوە دەكات كە یەكسانی هەیە لە نێوان ژن و پیاو.
روون كراوەتەوە، جگە لەوەش هیوادارین وەزارەتی ئەوقاف و یەكێتیی زانایان، ڕێكاری پێویست بگرنەبەر بەرانبەر ئەو كەسانەی پێشێلكاری بەرانبەر خەڵك دەكەن لە ژێر ناوی ئاین و مینبەرەكانەوە، بۆیە بەتوندی دژی ئەو جۆرە لێدوانانەین و سەركۆنەی دەكەین، بە ڕێزەوەش ڕۆڵی ژنان سەیر دەكەین و بەرز دەنرخێنین.