سەرۆك بارزانی پەیامێكی نوێی لەبارەی دۆخی حەلەب بڵاو كردەوە و رای گەیاند، نابێ ئۆباڵی ئەنجامدانی تاوان لەلایەن خەڵكێكەوە بخرێتە ئەستۆی خەڵكانێكی ترەوە كە هیچ پێوەندییان بە تاوانەكەوە نەبووە.
پەیامێك لە سەرۆك بارزانیەوە
بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان
لە كاردانەوە بەرانبەر ڕووداوەكانی چەند ڕۆژی ڕابردووی شاری حەلەب، بەداخەوە لە هەندێك پێگەی میدیایی و سۆشیاڵمیدیا و ناوەندی تردا، هەڵمەتێك لە دژی ئەو هاووڵاتییە عەرەبە سووریاییانە دەبینرێت كە لە هەرێمی كوردستاندا دەژین. ئەم جۆرە هەڵمەت و ڕەفتارانە لە جێی خۆیدا نین و بە هیچ شێوەیەك لەگەڵ پڕەنسیپ و بەهاكانی گەلی كوردستان ناگونجێن و دژی سیاسەت و ڕوانگەی گشتیی دامودەزگەی هەرێمی كوردستانن.
لە ڕاستیدا نابێ ئۆباڵی ئەنجامدانی تاوان لەلایەن خەڵكێكەوە بخرێتە ئەستۆی خەڵكانێكی دیكەوە كە هیچ پەیوەندییان بە تاوانەكەوە نەبووە. دەبێ ڕێزی ئەو پەنابەر و هاووڵاتییە عەرەبە سووریاییانە بگیرێت كە پەنایان بۆ هەرێمی كوردستان هێناوە و لێرە دەژین و پێویستە كۆتایی بەم هەڵمەتە نابەجێیە بهێندرێت و لایەنە پەیوەندیدارەكان ڕێگە لە دووبارەبوونەوەی ئەم جۆرە هەڵسوكەوتانە بگرن.
مسعود بارزانی
12ی كانوونی دووەمی 2026