ئەبوبەکر کاروانی: تێڕوانینی مەلا مەزهەر بۆ ژن "تاڵیبانییانە"یە و نوێنەرایەتیی ئیسلام ناکات

:: PM:11:50:12/01/2026 ‌

ئەبوبەکر کاروانی، کەسایەتیی سیاسی، لە وتارێکی ڕەخنەیی تونددا وەڵامی لێدوانەکانی ئەم دواییەی مەلا مەزهەر خۆراسانی دەداتەوە و ڕای دەگەیەنێت، ئەو جۆرە تێگەیشتنە بۆ ڕۆڵی ئافرەت و بەشداریی لە بەرگریی نیشتمانیدا، تێگەیشتنێکی تاکەکەسی و سنووردارە، بەشێک نییە لە جەوهەری ئیسلام و مێژووی نەتەوەیی کورد.

ئەبوبەکر کاروانی ئاماژە بەوە دەکات، لە کاتێکدا کورد پێویستی بە هاوسۆزی نەتەوەیی هەیە، هەندێک کەس بە ئاراستەی دابەشکردنی کۆمەڵگە هەنگاو دەنێن. ئەو دەڵێت: "شێوازی کۆمیدی و تەهەکومیی مەلا مەزهەر پێچەوانەی کەسێتیی زانای کوردە" و ئەو تانەدانەی لە کچە جەنگاوەرانی کورد دراوە بە ناوی ئیسلامەوە، کارێکی نادروستە.

لەبارەی ئەو لێدوانەی کە دەڵێت "ئەرکی ژن تەنیا چای تێکردنە"، کاروانی بە توندی ئەو دیدە ڕەتدەکاتەوە و بە "تێگەیشتنێکی تاڵیبانییانە و داخراو" وەسفی دەکات. ئەو دووپاتی دەکاتەوە، بەپێی بەڵگە مێژووییەکان، لە سەردەمی پێغەمبەر (د.خ) ئافرەتان بە چەکەوە بەشداریی جەنگیان کردووە و فەقیەکان کۆکن لەسەر ئەوەی ئەگەر وڵات بکەوێتە مەترسییەوە، ئەرکی ئافرەتانە وەک هێزێکی یەدەگ بەشداریی بەرگری بکەن.

ئەم کەسایەتییە سیاسییە، ئاماژە بە "مەلای گەورەی کۆیە" دەکات کە لە سییەکانی سەدەی ڕابردوودا داوای کردووە ئافرەتان مەشقی سەربازی بکەن بۆ کاتی پێویست. کاروانی دەڵێت، "ئەوەی مەلا مەزهەر دەیڵێت، نوێنەرایەتیی بۆچوونی تاکەکەسی خۆی دەکات نەک خودی ئیسلام".

لە کۆتایی بابەتەکەیدا، ئەبوبەکر کاروانی هۆشداری لە مەترسییەکانی ئەم جۆرە بیرکردنەوەیە دەدات و پێی وایە دەبێتە هۆی گومان خستنە سەر شەرعیەتی کارکردنی هەزاران ئافرەتی موسوڵمان لە داودەزگاکاندا و سەلماندنی ئەو تۆمەتانەی کە ئیسلام بە زیندانیکردنی ژن و بێبایەخکردنی ڕۆڵی لە دەرەوەی ماڵ تۆمەتبار دەکەن. هاوکات دووپاتی دەکاتەوە، ئەم دیدگا دواکەوتووانە دەبێتە هۆی بەدبینکردنی نەوەی نوێ بەرانبەر بە ئاین و دروستکردنی دابڕان لەگەڵ واقیعی سەردەم و ڕەوتی گەشەکردنی مێژوویی کۆمەڵگە.


وشە - پێشەنگ مەحموود